بەردەوامیی دەستبەسەرکردن و ناڕوونیی چارەنووسی چوار برای خەڵکی بۆکان؛ دژایەتیی دادوەری گشتی لەگەڵ ئازادکردنیان سەرەڕای تەواوبوونی ماوەی دەستبەسەرکرانیان
هەنگاو: یەکشەممە ٢ی خاکەلێوەی ٢٧٢٦
دوای تێپەڕبوونی چەندین مانگ بەسەر دەستبەسەرکردنی چوار برای خەڵکی بۆکان بە ناوەکانی ڕەسووڵ، ناسر، مووسا و حەمزە یادیار لەلایەن ناوەندە حکومەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە، ئەم هاووڵاتییانە هێشتا لە دۆخی ناڕوون و نادیاردا ڕاگیراون و دادوەری گشتیی ئەو شارە ڕێگری لە ئازادکردنیان دەکات.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕەسووڵ یادیار، ناسر یادیار تەمەن ٣٨ ساڵ، مووسا یادیار تەمەن ٢٦ ساڵ و حەمزە یادیار تەمەن ٢٥ ساڵ، چوار برای خەڵکی بۆکان، سەرەڕای تەواوبوونی ماوەی دەستبەسەرکردنی کاتییان لە ڕێکەوتی ١٥ی ڕەشەممەی ٢٧٢٥، بەهۆی ڕێگرییەکانی عەلی زاهید، دادوەری گشتیی بۆکان هێشتا بێبەشن لە ئازادبوون.
بە وتەی سەرچاوە ئاگادارەکان، هەرچەندە قۆناغەکانی لێکۆڵینەوە کۆتایییان هاتووە و ماوەی یاساییی دەستبەسەرکردنیان بەسەر چووە، بەڵام عەلی زاهیدی لە دەرکردنی فەرمانی ئازادکردنی ئەم هاووڵاتییانە خۆ دەپارێزێت و لە دۆخێکی ناڕووندا ڕایانیگرتووە..
ئەم چوار برایە کە هەموویان سەرپەرشتی بنەماڵەن، لە کاتێکدا لە ژێر گوشاری ناوەندە حکومەتییەکان دان کە تەنانەت ئۆتۆمبێلە تاکەکەسیەکانیان لەلایەن هێزە حکومەتییەکانەوە زەوت کراوە و بەدواداچوونی بنەماڵەکەیان بۆ گەڕاندنەوەی دارایییەکان و دیاریکردنی چارەنووسی ڕۆڵەکانیان تا ئێستا بێئاکام ماوەتەوە.
ناسر، مووسا و حەمزە یادیار ڕۆژی چوارشەممە ٢٢ی ڕێبەندانی ٢٧٢٥ (١١ی فوریە ٢٠٢٦)، لەلایەن هێزە حکومەتییەکانەوە دەستبەسەر کران. مووسا و حەمزە لە گوندی «قەرەموساڵی» و ناسر لە گوندی «داشبەند»ی سەر بە بۆکان، بێ نیشاندانی هیچ جۆرە بەڵگەیەکی دادوەری و بە پەنابردن بۆ توندوتیژی دەستبەسەر کرابوون.
پێشتریش، ڕەسووڵ یادیار، برایەکی دیکەی ئەم بنەماڵەیە، لە ئێوارەی سێشەممە ٢٥ی سەرماوەزی ٢٧٢٥، لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کرابوو و بۆ یەکێک لە دەستبەسەرگەکانی ئەو ناوەندە ئەمنییە لە ئورمیە گواسترابووەوە.