ڕاپۆرتی هەنگاو سەبارەت بە دەستبەسەرکردنی لانی کەم ٥ هاووڵاتی لە سەقز بە تۆمەتی بەکارهێنانی ستارلینک

٩ خاکەلێوە ٢٧٢٦، ٢٢:٠٢

هەنگاو؛ یەکشەممە ٩ی خاکەلێوەی ٢٧٢٦

لە درێژەی شەپۆلی بەرفراوانی دەستبەسەرکردنەکان هاوکات لەگەڵ توندبوونی ئاڵۆزییە سەربازییەکان لە ناوچەکەدا، لانی کەم پێنج هاووڵاتیی کورد و خەڵکی سەقز بە ناوەکانی کوروش زوهرابی،  بەختیار تاووسی، محەممەد شەریفی، ئەفشین نەجمی و کیانووش عادلپوور لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کران و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترانەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا لانی کەم ٥ هاووڵاتیی کورد لە شاری سەقز لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون. ناسنامەی ئەم هاووڵاتییانە کوروش زوهرابی، بەختیار تاووسی، محەممەد شەریفی (ژن برای بەختیار تاووسی)، ئەفشین نەجمی و کیانووش عادلپوور پشتڕاست کراوەتەوە.

هەنگاو زانیویەتی کە، کوروش زوهرابی، بەختیار تاووسی و محەممەد شەریفی ڕۆژی شەممە ١ی خاکەلێوەی ٢٧٢٦ (٢١ی مارسی ٢٠٢٦) دەستبەسەر کراون. هەروەها ئەفشین نەجمی ڕۆژی چوارشەممە ٥ی خاکەلێوە و کیانووش عادلپوور پێنجشەممە ٦ی خاکەلێوە لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کراون.

بە وتەی سەرچاوە ئاگادارەکان، دەستبەسەرکردنی ئەم هاووڵاتییانە بە توندوتیژیی زۆرەوە بووە و هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات بێ نیشاندانی بەڵگەی دادوەری هێرشیان کردووەتە سەر ماڵەکانیان و وێڕای پشکنینی شوێنی نیشتەجێبوونیان، دەستیان بەسەر هەندێک لە کەلوپەلە کەسییەکانیاندا گرتووە. ناوەندە حکومەتییەکان هۆکاری دەستبەسەرکردنی ئەم کەسانەیان بۆ «هەبوون و بەکارهێنانی ئامێری ئینتەرنێتی مانگی دەستکرد (ستارلینک)» گەڕاندووەتەوە.

تا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، زانیارییەکی ورد لەسەر شوێنی ڕاگرتن و چارەنووسی وردی ئەم ٥ هاووڵاتییە لەبەردەستدا نییە و بەدواداچوونی بنەماڵەکانیان لە ناوەندە ئەمنییەکاندا بێئاکام ماوەتەوە.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە