کوژرانی محەممەد سۆهرابزادە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکوومەتییەکان لە سنە

١٠ خاکەلێوە ٢٧٢٦، ١٩:٠٩

هەنگاو؛ دووشەممە ١٠ی خاکەلێوەی ٢٧٢٦

لاوێکی کورد و خەڵکی گوندی "کمێز"ی سەر بە شاری سنە بە ناوی محەممەد سۆهرابزادە، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکوومەتییەکان لە ڕێگای گوندی قوڵیان بۆ سنە کوژرا. ناوبراو دووهەمین هاووڵاتیی کوردە کە دوای دەستپێکردنی شەڕی ئەم دواییەی نێوان ئێران، ئەمریکا و ئیسرائیل، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکوومەتییەکان گیانی لەدەست داوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ئێوارەی یەکشەممە ٩ی خاکەلێوەی ٢٧٢٦ (٢٩ی مارسی ٢٠٢٦)، لاوێکی کورد بە ناوی محەممەد سۆهرابزادە، خەڵکی گوندی "کمێز"، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی حکوومەت لە شاری سنە گیانی لەدەست دا.

سەرچاوەکانی هەنگاو ڕایانگەیاندووە کە ئەم لاوە لە ڕێگای گوندی "قوڵیان" بەرەو سنە، لە کاتێکدا لەگەڵ باوک و دایکی لە ناو ئۆتۆمبێلە تایبەتەکەی خۆیاندا بووە، بێ هیچ ئاگادارکردنەوەیەکی پێشوەختە کراوەتە ئامانجی تەقەی هێزە لیباس شەخسییەکان. محەممەد سۆهرابزادە بەهۆی بەرکەوتنی دوو گوللە بە سەختی بریندار بووە و پێش گەیاندنی بە ناوەندە دەرمانییەکان، بەهۆی سەختیی برینەکانیەوە گیانی سپاردووە.

شایانی باسە کە تەرمی محەممەد سۆهرابزادە، ڕۆژی دووشەممە ١٠ی خاکەلێوەی ٢٧٢٦، لەژێر ڕێوشوێنی توندی ئەمنیدا لە زێدەکەی خۆی بە خاک سپێردرا.

تەقەکردن لەو لاوە کوردە لە کاتێکدایە کە لە ڕۆژانی ڕابردوودا و هاوکات لەگەڵ ئاڵۆزییە سەربازییەکان لە ناوچەکە، کەشوهەوای شارەکانی کوردستان بەتەواوی ئەمنی کراوە و جێگیرکردنی هێزە جلی شەخسییەکان و دانانی بازگەی نوێ لە دەروازەی شارەکان و ڕێگا سەرەکییەکانی نێوان شار و گوندەکان زیادی کردووە.

 

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە