دەستبەسەرکردنی وەیسە محەممەدپوور و ئاکام ئەبووبەکری، دوو هاووڵاتیی کورد لە پیرانشار
هەنگاو؛ دووشەممە ١٠ی خاکەلێوەی ٢٧٢٦
لە درێژەی شەپۆلی بەرفراوانی دەستبەسەرکردنەکانی ئەمدوایییەی هاووڵاتییانی کورد، دوو هاووڵاتیی دیکە بە ناوەکانی وەیسە محەممەدپوور و ئاکام ئەبووبەکری لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات لە شاری پیرانشار دەستبەسەر کران.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، کاتژمێر ٣ی بەرەبەیانی ڕۆژی دووشەممە ١٠ی خاکەلێوەی ٢٧٢٦ (٣٠ی مارسی ٢٠٢٦)، دوو هاووڵاتی بە ناوەکانی ئاکام ئەبووبەکری ٢٤ ساله و وەیسە محەممەدپوور ٢٣ ساڵە، خەڵکی پیرانشار، لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کران.
هەنگاو زانیویەتی کە، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات، کاتژمێر ٣ی بەرەبەیان بێ نیشاندانی هیچ جۆرە بەڵگەیەکی دادوەری و بە پەنابردن بۆ توندوتیژی، هێرشیان کردووەتە سەر شوێنی نیشتەجێبوونی ئەم دوو هاووڵاتییە و دەستبەسەریان کردوون و بۆ شوێنێکی نادیاریان گواستوونەوە.
تا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، زانیارییەکی ورد لەسەر هۆکارەکانی دەستبەسەرکردن و ئەو تۆمەتانەی خراونەتە پاڵ ئەم دوو هاووڵاتییە لەبەردەستدا نییە.