هۆشداریی هەنگاو سەبارەت بە جێگیربوونی هێزە سەربازییەکان لە نەخۆشخانەی کەوسەری سنە و مەترسیی جیدی بۆ سەر گیانی نەخۆشەکان و کادری دەرمان

١٦ ڕەشەمە ٢٧٢٥، ١٥:٠٥

هەنگاو؛ شەممە ١٦ی ڕەشەممەی ٢٧٢٥

دوای دەستپێکردنی شەڕی نێوان ئەمریکا، ئیسرائیل و ئێران و بۆردومانکردنی ناوەندە سەربازی و ئەمنییەکانی ئێران لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانی ئەو دوو وڵاتە، هێزەکانی سوپای پاسداران بە جێگیربوون لە نهۆمەکانی سەرەوەی نەخۆشخانەی کەوسەری سنە، کە یەکێک لە گەورەترین و گرنگترین ناوەندە دەرمانییەکانی کوردستانە، گیانی سەدان نەخۆش و کادری دەرمانیان ڕووبەڕووی مەترسیی جیدی کردووەتەوە و وەک "قەڵغانی مرۆیی" بەکاری دەهێنن.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتانەی گەیشتوونەتە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ڕۆژانی ڕابردوودا هێزەکانی سەر بە سوپای پاسداران بە چوونە ناو نەخۆشخانەی کەوسەری سنە، دەستیان کردووە بە بە سەربازیکردنی ئەم ناوەندە دەرمانییە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەمبارەیەوە بە هەنگاوی ڕاگەیاندووە کە هێزە سەربازییەکان، نهۆمی حەوتەمی نەخۆشخانەکەیان کە نهۆمی کۆتایییە چۆڵ کردووە و خۆیان لە نهۆمەکانی ٥ و ٦دا جێگیر بوون.

ئەم سەرچاوەیە ئەوەشی زیاد کردووە کە ئەم هەنگاوە لە کاتێکدا انجام دراوە کە ڕۆژانە لانی کەم ٢٠٠ پزیشک و پەرستار لەگەڵ سەدان نەخۆش لەم نهۆمانە و بەشە تەنیشتەکانیاندا خەریکی چالاکی و خزمەتگوزارییە دەرمانییەکانن.

هەنگاو هۆشداری دەدات کە گۆڕینی ئەم ناوەندە دەرمانییە بۆ بنکەی سەربازی، پێشێلکردنی ئاشکرای یاسا نێودەوڵەتییەکان و کۆنڤانسیۆنەکانی ژنێڤە. جێگیربوونی هێزەکان لەم شوێنەدا، نەخۆشخانەکە دەکاتە ئامانجێکی سەربازیی و مەترسیی کۆمەڵکوژیی هاووڵاتییانی سڤیل و کادری دەرمان و لەناوچوونی سەرمایە مرۆیییەکان (پزیشکان و پسپۆڕان) و کەرەستە پزیشکییەکانی ناوچەکە بە توندی زیاد دەکات.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو جارێکی دیکە داوا لە ناوەندە نێودەوڵەتییەکان دەکات کە بە توندی هۆشداری بدەنە هەموو لایەنە بەشداربووەکانی شەڕەکە سەبارەت بە بنەمای بەرپرسیارێتیی پاراستنی گیانی هاووڵاتییانی سڤیل.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە