جێبەجێکرانی سزای سێدارەی لانی کەم ۱۸۷ بەندکراو لە بەندیخانەکانی ئێران لە ماوەی مانگی سێپتەمبەری ٢٠٢٥

هەنگاو؛ پێنجشەممە ١۰ی ڕەزبەری ٢٧٢۵
لە ماوەی مانگی ڕابردووی زایینیدا سزای سێدارەی لانی کەم ۱۸۷ بەندکراو لە بەندیخانەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا جێبەجێ کراوە. ئەو ئامارە بەراورد بە مانگی سێپتەمبەری ٢٠٢٤ لانی کەم ۱۰۹ حاڵەت واتا ۱۴۰٪ بەرز بووەتەوە. لە ماوەی مانگی سێپتەمبەری ساڵی ڕابردوودا سزای سێدارەی ۷۸ بەندکراو جێبەجێ کرابوو. ئەو ئامارە زیاترین ئاماری لەسێدارەدان لە ماوەی یەک مانگ، لە دوو دەیەی ڕابردوو لە ئێران بووە.
بە پشتبەستن بە ئامارە تۆمارکراوەکان لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی مانگی سێپتەمبەری ٢٠٢٥دا سزای سێدارەی لانی کەم ۱۸۷ بەندکراو لە بەندیخانەکانی ئێراندا جێبەجێ کراوە. شایەنی باسە کە ناسنامەی ۱۸۱ بەندکراو بە تەواوی بۆ هەنگاو ئاشکرا کراوە و بۆ ناسنامەی ۶ بەندکراوی دیکە بەدواداچوون دەکرێت.
لەو مانگەدا، سزای سێدارەی لانی کەم سێ بەندکراوی سیاسی بەناوەکانی مێهران بەهرامیان خەڵکی سەمیر، بابەک شەهبازی خەڵکی کەرەج و بەهمەن چووبی ئەسڵ و دوو بەندکراوی ئایینی و مەزهەبی بەناوەکانی محەممەد کاشفی خەڵکی بەندەر خەمیر و ئەسکەندەر بازماندێگان خەڵکی شاری خۆر لە پارێزگای فارس جێبەجێ کراوە.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، سزای سێدارەی لانی کەم ۶ ژن لە بەندیخانەکانی شیراز، ئیسفەهان، تەورێز، قەزوین، زەنجان و سەبزەوار جێبەجێ کراوە. گەوهەر تاهیری ئەقدەم خەڵکی زەنجان، زەهرا فتووحی خەڵکی تەورێز، مێهناز دێهقانی خەڵکی شیراز، جەیران زاهیری خەڵکی ئیسفەھان و ژنێکی خەڵکی سەبزەوار کە ناسنامەی نادیارە و بەدواداچوونی بۆ دەکرێت بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست و حەدیقە ئابادی خەڵکی ئەفغانستان بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکان لەسێدارە دراون.
شایەنی باسە کە، لە سەرجەم ئەو ۱۸۷ بەندکراوەی لە ماوەی مانگی سێپتەمبەر لەسێدارە دراون، تەنیا ۸ حاڵەت واتا ۴٪ی کۆی حاڵەتەکان لە سەرچاوە فەرمییەکانی ئێران و ماڵپەڕە پەیوەندیدارەکان بە دەزگای دادوەرییەوە بڵاو کراوەتەوە. هەروەها سزای سێدارەی ۱۴ بەندکراو بەشێوەی نهێنی و بێ ئاگاداریی بنەماڵە و دەستڕاگەیشتن بە مافی دوایین چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەیاندا جێبەجێ کراوە.
جیاکردنەوەی لەسێدارەدراوان بەپێی کەمینەی نەتەوەیی و پێکهاتەکان
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە لە ماوەی مانگی سێپتەمبەردا سزای سێدارەی لانی کەم ۳۵ بەندکراوی کورد لە بەندیخانەکانی ئێراندا جێبەجێ کراوە کە ۱۹٪ی کۆی حاڵەتەکان پێکدێنن. هەروەها ۲۳ بەندکراوی لوڕ (۱۲٪ی کۆی حاڵەتەکان)، ۱۵ بەندکراوی تورک و ۱۴ بەندکراوی بەلووچ لەسێدارە دراون.
بەندکراوانی کورد: ۳۵ حاڵەت
بەندکراوانی لوڕ: ۲۳ حاڵەت
بەندکراوانی تورک: ۱۵ حاڵەت
بەندکراوانی بەلووچ: ۱۴ حاڵەت
بەندکراوانی گیلەک: ۸ حاڵەت
بەندکراوانی عەرەب: ۴ حاڵەت
بەندکراوانی خەڵکی ئەفغانستان: ۱۰ حاڵەت
بەندکراوانی فارس: ۵۷ حاڵەت
ناسنامەی نەتەوەیی پشتڕاستنەکراوە بۆ هەنگاو: ۲۱ حاڵەت
جیاکردنەوە بەپێی تۆمەتەکان
لە ماوەی مانگی سێپتەمبەردا زیاترین لەسێدارەدرانەکان بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکانەوە بووە کە ۹۲ حاڵەت واتا ۴۹٪ی کۆی حاڵەتەکان لەخۆ دەگرێت. هەروەها ۹۰ کەس بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست لەسێدارە دراون.
چالاکی سیاسی: ۳ حاڵەت
چالاکی مەزهەبی: ۲ حاڵەت
ماددە هۆشبەرەکان: ۹۲ حاڵەت
کوشتنی بە ئەنقەست: ۹۰ حاڵەت
جیاکردنەوەی جێبەجێکرانی سزای سێدارەی بەندکراوان بەپێی پارێزگاکان
بە پشتبەستن بە ئامارەکانی هەنگاو، لە ماوەی مانگی ڕابردووی زایینیدا زیاترین سزای لەسێدارەدرانی بەندکراوان بە ۲۲ حاڵەتەوە لە بەندیخانەکانی پارێزگای ئەلبۆرز تۆمار کراوە. بەگشتی لە ۲۶ پارێزگادا سزای سێدارەی بەندکراوان جێبەجێ کراوە کە پاش پارێزگای ئەلبۆرز زیاترین حاڵەتی جێبەجێکرانی سزای سێدارەی بەندکراوان لە بەندیخانەکانی پارێزگای فارس بە ۱۷ حاڵەت و ئیسفەھان بە ۱۶ حاڵەتەوە تۆمار کراوە.
پارێزگای ئەلبۆرز: ۲۲ حاڵەت
پارێزگای فارس: ۱۷ حاڵەت
پارێزگای ئیسفەھان: ۱۶ حاڵەت
پارێزگای خوراسانی ڕەزەوی: ۱۵ حاڵەت
پارێزگاکانی ئازەربایجانی ڕۆژهەڵات و قوم: هەر یەک ۱۱ حاڵەت
پارێزگای لوڕستان: ۱۰ حاڵەت
پارێزگاکانی هەمەدان و کرمان: هەر یەک ۸ حاڵەت
پارێزگاکانی کرماشان و خووزستان: هەر یەک ۷ حاڵەت
پارێزگاکانی مازەندەران و قەزوین: هەر یەک ۶ حاڵەت
پارێزگای سیستان و بەلووچستان: ۵ حاڵەت
پارێزگاکانی سنە، مەرکەزی، گوڵستان، زەنجان و ئیلام: هەر یەک ۴ حاڵەت
پارێزگاکانی گیلان، کۆهگیلوویە و بویێرئەحمەد و بووشێر: هەر یەک ۳ حاڵەت
پارێزگاکانی یەزد، سمنان و خوراسانی باشوور: هەر یەک ۲ حاڵەت
پارێزگای چوارمەحاڵ و بەختیاری: ۱ حاڵەت
شوێنی نادیار: ۱ حاڵەت