جێبەجێکرانی سزای سێدارەی لانی کەم ۱۵۲ بەندکراو لە بەندیخانەکانی ئێران لە ماوەی مانگی ئاگۆستی ٢٠٢٥

١٠ خەرمانان ٢٧٢٥، ٢١:٥٨

هەنگاو؛ دووشەممە ١۰ی خەرمانانی ٢٧٢۵

لە ماوەی مانگی ڕابردووی زایینیدا سزای سێدارەی لانی کەم ۱۵۲ بەندکراو لە بەندیخانەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا جێبەجێ کراوە. ئەو ئامارە بەراورد بە مانگی ئاگۆستی ٢٠٢٤ لانی کەم ۵۸ حاڵەت واتا ۷۰٪ بەرز بووەتەوە. لە ماوەی مانگی ئاگۆستی ساڵی ڕابردوودا سزای سێدارەی ۹۴ بەندکراو جێبەجێ کرابوو.

بە پشتبەستن بە ئامارە تۆمارکراوەکان لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی مانگی ئاگۆستی ٢٠٢٥دا سزای سێدارەی لانی کەم ۱۵۲ بەندکراو لە بەندیخانەکانی ئێراندا جێبەجێ کراوە. شایەنی باسە کە ناسنامەی ۱۴۸ بەندکراو بە تەواوی بۆ هەنگاو ئاشکرا کراوە و بۆ ناسنامەی ۴ بەندکراوی دیکە بەدواداچوون دەکرێت.

لەو مانگەدا، سزای سێدارەی بەندکراوێکی سیاسیی خەڵکی تاران بەناوی رووزبێە وادی بە تۆمەتی "سیخوڕی بۆ ئیسرائیل" و بەندکراوێکی مەزهەبیی خەڵکی جوانڕۆ بەناوی مەهدی ئەسغەرزادە بە تۆمەتی "ئەندامێتی لە داعش" لە بەندیخانەی قزڵحیساری کەرەج جێبەجێ کراوە.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، سزای سێدارەی لانی کەم ۵ ژن لە بەندیخانەکانی شیراز (۲ حاڵەت)، تەورێز، ئەبهەر و ئیسفەهان جێبەجێ کراوە. سوودابە، بەندکراوی خەڵکی ئیسفەھان، مەهسا ئەکبەری خەڵکی شیراز، بانوو موقەدەم خەڵکی ئەبهەر و مەلیحە حەقی خەڵکی تەورێز بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست لە بەندیخانەی ئەو شارانەدا جێبەجێ کراوە. هەروەها میترا یاسەمەنی خەڵکی ئیلام بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکان لە بەندیخانەی عادڵئاوای شیراز لەسێدارە دراوە.

شایەنی باسە کە، لە سەرجەم ئەو ۱۵۲ بەندکراوەی لە ماوەی مانگی ئاگۆستدا لەسێدارە دراون، تەنیا ۵ حاڵەت لە سەرچاوە فەرمییەکانی ئێران و ماڵپەڕە پەیوەندیدارەکان بە دەزگای دادوەرییەوە بڵاو کراوەتەوە. هەروەها سزای سێدارەی ۶ بەندکراو بەشێوەی نهێنی و بێ ئاگاداریی بنەماڵە و دەستڕاگەیشتن بە مافی دوایین چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەیاندا جێبەجێ کراوە. سزای سێدارەی ۲ بەندکراو لە شارەکانی بەیرەم و کوردکۆی لەپێش چاوی خەڵکدا جێبەجێ کراوە.

جیاکردنەوەی لەسێدارەدراوان بەپێی کەمینەی نەتەوەیی و پێکهاتەکان

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە لە ماوەی مانگی ئاگۆستدا سزای سێدارەی لانی کەم ۲۴ بەندکراوی کورد لە بەندیخانەکانی ئێراندا جێبەجێ کراوە کە ۱۶٪ی کۆی حاڵەتەکان پێکدێنن. هەروەها ۲۱ بەندکراوی لوڕ و ۱۳ بەندکراوی بەلووچ لەسێدارە دراون.

بەندکراوانی فارس: ۴۷ حاڵەت

بەندکراوانی کورد: ۲۴ حاڵەت

بەندکراوانی لوڕ: ۲۲ حاڵەت

بەندکراوانی تورک: ۱۳ حاڵەت

بەندکراوانی بەلووچ: ۱۱ حاڵەت

بەندکراوانی عەرەب: ۶ حاڵەت

بەندکراوانی گیلەک: ۵ حاڵەت

بەندکراوانی تورکمان: ۱ حاڵەت

بەندکراوانی قەشقایی: ۱ حاڵەت

بەندکراوانی خەڵکی ئەفغانستان: ۸ حاڵەت

ناسنامەی نەتەوەیی پشتڕاستنەکراوە بۆ هەنگاو: ۱۴ حاڵەت

جیاکردنەوە بەپێی تۆمەتەکان

لە ماوەی مانگی ئاگۆستدا زیاترین لەسێدارەدرانەکان بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکانەوە بووە کە ۸۳ حاڵەت واتا ۵۵٪ی کۆی حاڵەتەکان لەخۆ دەگرێت.

چالاکی سیاسی: ۱ حاڵەت

چالاکی مەزهەبی: ۱ حاڵەت

ماددە هۆشبەرەکان: ۸۴ حاڵەت

کوشتنی بە ئەنقەست: ۶۴ حاڵەت

دەستدرێژیی سێکسی: ۱ حاڵەت

دزیی چەکدارانە: ۱ حاڵەت

جیاکردنەوەی جێبەجێکرانی سزای سێدارەی بەندکراوان بەپێی پارێزگاکان

بە پشتبەستن بە ئامارەکانی هەنگاو، لە ماوەی مانگی ڕابردووی زایینیدا زیاترین سزای لەسێدارەدرانی بەندکراوان بە ۲۱ حاڵەتەوە لە بەندیخانەکانی پارێزگای ئەلبۆرز تۆمار کراوە. بەگشتی لە ۲۲ پارێزگادا سزای سێدارەی بەندکراوان جێبەجێ کراوە کە پاش پارێزگای ئەلبۆرز زیاترین حاڵەتی جێبەجێکرانی سزای سێدارەی بەندکراوان لە بەندیخانەکانی پارێزگای ئیسفەھان بە ۱۸ حاڵەت و فارس بە ۱۳ حاڵەتەوە تۆمار کراوە.

پارێزگای ئەلبۆرز: ۲۱ حاڵەت

پارێزگای ئیسفەهان: ۱۸ حاڵەت

پارێزگای فارس: ۱۳ حاڵەت

پارێزگای خوراسانی ڕەزەوی: ۱۲ حاڵەت

پارێزگای لوڕستان: ۱۱ حاڵەت

پارێزگای هۆرمۆزگان: ۷ حاڵەت

پارێزگاکانی هەمەدان و ئازەربایجانی ڕۆژھەڵات: هەر یەک ۶ حاڵەت

پارێزگاکانی کرماشان، گوڵستان، خووزستان و کۆهگیلوویە و بویێرئەحمەد: هەر یەک ۵ حاڵەت

پارێزگاکانی یەزد، مەرکەزی، گیلان و سیستان و بەلووچستان: هەر یەک ۴ حاڵەت

پارێزگاکانی سنە، کرمان، خوراسانی باشوور، سمنان و ئورمیە: هەر یەک ۳ حاڵەت

پارێزگاکانی ئیلام، زەنجان: هەر یەک ۲ حاڵەت

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە