دیواندەرە؛ ڕاپۆرتی هەنگاو سەبارەت بە گیانلەدەستدانی چوار هاووڵاتیی سڤیل لەوانە ژنێک لە ڕەوتی شەڕدا
هەنگاو؛ یەکشەممە ١٧ی ڕەشەممەی ٢٧٢٥
چوار هاووڵاتیی کورد و خەڵکی دیواندەرە لەوانە ژنێک بە ناوی سەمیرا شەفیعی و سێ کەسی دیکە بە ناوەکانی فەرەیدوون ئەمینی، حامید سەعیدی و سولەیمان مەلاوەیسە، لە ڕەوتی کردنە ئامانجی ناوەندە سەربازییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لەو شارەدا کوژران.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، کاتژمێر ١٠ی بەیانیی ڕۆژی شەممە ١٦ی ڕەشەممەی ٢٧٢٥، سێ هاووڵاتیی سڤیل بە ناوەکانی سەمیرا شەفیعی خەڵکی گوندی کانی سپی (ئەحمەدەکەڕ)، فەرەیدوون ئەمینی خەڵکی گوندی چۆڵبڵاخ و حامید سەعیدی فەرمانبەری ئیدارەی پۆستی دیواندەرە، لە ئەنجامی بۆردومانکردنی بنکەی سوپای پاسداران هەڵکەوتوو لە شەقامی ١٦ مەتریی ئەو شارەدا کوژراون.
هەروەها هاووڵاتییەکی دیکە بە ناوی سولەیمان مەلاوەیسە خەڵکی گوندی زەکیوەی سەروو سەر بە دیواندەرە، ڕۆژی یەکشەممە ١٠ی ڕەشەممە، لە ئەنجامی هێرشە ئاسمانییەکانی فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ناوەندە سەربازییەکانی ئەو شارە کوژراوە.
هەنگاو پێشتر بە بڵاوکردنەوەی وێنەی بۆردومانکردنی بنکەی سوپای پاسداران لە دیواندەرە لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلەوە، هەواڵی کوژرانی چەند هاووڵاتییەکی سڤیلی ڕاگەیاندبوو.