سەقز: دەستبەسەرکرانی ژنێکی گەنج بە ناوی شەیدا شێخی لەلایەن هێزە حکومەتییەکانەوە

١٧ خاکەلێوە ٢٧٢٦، ١١:٥٧

هەنگاو، دووشەممە ١٧ی خاکەلێوەی ٢٧٢٦
 

لە درێژەی شەپۆلی دەستبەسەرکردنی هاووڵاتییانی کورد بەتایبەت لە شاری سەقز، ژنێک بە ناوی شەیدا شێخی لەلایەن هێزە حکومەتییەکانەوە دەستبەسەر کراوە و چارەنووسی نادیارە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ئێوارەی شەممە ١٥ی خاکەلێوەی ٢٧٢٦ (٤ی ئاڤریلی ٢٠٢٦)، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی بنەماڵەی ژنێکی گەنج بە ناوی شەیدا شێخی، تەمەن ٢٥ ساڵ، لە گەڕەکی «شاناز»ی سەقز و دەستبەسەریان کردووە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم هێرشە نزیکەی کاتژمێر ١١ی شەو و بێ نیشاندانی حوکمی دادوەری ئەنجام دراوە. هەنگاو زانیویەتی کە، هێزە حکومەتییەکان لە کاتی دەستبەسەرکردنەکەدا، وێڕای پشکنینی ماڵەکە، کەلوپەلە کەسییەکانی ناوبراو لەوانە لاپتۆپ و مۆبایلەکەشیان زەوت کردووە و لەگەڵ خۆیان بردوویانە.

تا کاتی داڕشتنی ئەم ڕاپۆرتە، زانیارییەکی ورد لەسەر هۆکارەکانی دەستبەسەرکردن، ئەو تۆمەتانەی خراونەتە پاڵ شەیدا شێخی و شوێنی ڕاگرتنی لەبەردەستدا نییە. بەدواداچوونی بنەماڵەی ئەم هاووڵاتییە بۆ ئاگاداربوون لە چارەنووسی ڕۆڵەکەیان تا ئێستا بێئاکام ماوەتەوە.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە