بەردەوامیی دەستبەسەرکران و ناڕوونیی چارەنووسی زەینەب عەزیزی و سیروان ئەمینی؛ گواستنەوەیان بۆ بەندیخانەی هەمەدان
هەنگاو؛ چوارشەممە ١٩ی خاکەلێوەی ٢٧٢٦
سەبارەت بە بەردەوامیی دەستبەسەرکرانی زەینەب عەزیزی و سیروان ئەمینی، هاوژینێکی کورد و خەڵکی شاری سنە، زانیاریی نوێ لەسەر دوایین دۆخیان و ئەو تۆمەتانەی خراونەتە پاڵیان، گەیشتووەتە دەست ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە هەنگاو، زەینەب عەزیزی و سیروان ئەمینی کە لە ناوەڕاستی ڕەشەممەی ساڵی ڕابردووەوە لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات لە سنە دەستبەسەر کرابوون، لەم دواییانەدا لە دەستبەسەرگەیەکی ئەمنییەوە بۆ بەندیخانەی ناوەندیی شاری هەمەدان گواستراونەتەوە.
سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی ئەم هاوژینە ڕایگەیاندووە کە لە کاتی دەستبەسەرکرانیانەوە تا ئێستا، ڕێگەی چاوپێکەوتنیان لەگەڵ بنەماڵەکانیان پێنەدراوە. ئەوان تەنیا توانیویانە سێ پەیوەندیی تەلەفۆنیی کورت لەژێر چاودێریی توندی ناوەندە ئەمنییەکاندا ئەنجام بدەن. هەروەها ئەم دوو هاووڵاتییە لە مافی دەستڕاگەییشتن بە پارێزەر و ڕاوێژی یاسایی بێبەش کراون و پرۆسەی دادگاییکردنەکەیان بە ناڕوونی ماوەتەوە.
سەرچاوەکانی هەنگاو ئاماژەیان بەوە کردووە کە ناوەندە حکوومەتییەکان تۆمەتی «بەکارهێنانی کەرەستەی ئینتەرنێتی مانگی دەستکردی ستارلینک» خستووەتە پاڵ ئەم هاوژینە. ئەمەش لە کاتێکدایە کە لە ماوەی شەڕی ئەم دواییانە و پچڕانی بەرفراوانی تۆڕی ئینتەرنێت، گوشارەکان بۆ سەر ئەو هاووڵاتییانەی ڕێگەی جێگرەوە بۆ پەیوەندییەکان بەکاردەهێنن، زیاتر بووە.
شایانی باسە کە زەینەب عەزیزی و سیروان ئەمینی، ڕۆژی شەممە ١٦ی ڕەشەممەی ٢٧٢٥ (٧ی مارسی ٢٠٢٦)، بەبێ نیشاندانی هیچ بەڵگەیەکی یاسایی و بە پەنابردنە بەر تووندوتیژی، لەلایەن هێزە جل شەخسییەکانەوە لە ماڵی خۆیان لە شاری سنە دەستبەسەر کرابوون.