بۆکان؛ دەستبەسەرکران و نادیاربوونی چارەنووسی یووسف کەریمی
هەنگاو؛ پێنجشەممە ٢٠ی خاکەلێوەی ٢٧٢٦
دوای تێپەڕبوونی نزیک بە حەوتوویەک لە دەستبەسەرکرانی یووسف کەریمی، هاووڵاتیی کورد و خەڵکی بۆکان لەلایەن هێزە حکومەتییەکانەوە، هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنی ناوبراو لەبەردەستدا نییە.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی هەینی ١٤ی خاکەلێوەی ٢٧٢٦ (٣ی ئەپریلی ٢٠٢٦)، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی یووسف کەریمی لە شاری بۆکان و بێ نیشاندانی هیچ جۆرە بەڵگەیەکی دادوەری، ناوبراویان دەستبەسەر کردووە.
بە وتەی سەرچاوە ئاگادارەکان، هێزە حکومەتییەکان وێڕای پشکنینی ماڵی یووسف کەریمی، هەندێک لە کەلوپەلە کەسییەکانی ئەم هاووڵاتییەشیان زەوت کردووە و لەگەڵ خۆیان بردوویانە.
یووسف کەریمی، کە خێزاندارە، دوای دەستبەسەرکردن بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە و بەدواداچوونی بەردەوامی بنەماڵەکەی بۆ ئاگاداربوون لە دۆخی تەندروستی و شوێنی ڕاگرتنی تا ئێستا بێئاکام ماوەتەوە.
تا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، زانیارییەکی ورد لەسەر هۆکارەکانی دەستبەسەرکردن و ئەو تۆمەتانەی خراونەتە پاڵ ئەم هاووڵاتییە کوردە لەبەردەستدا نییە.