جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدانی دوو بەندکراوی سیاسی لە بەندیخانەی ناوەندیی کەرەج

٣١ خاکەلێوە ٢٧٢٦، ١٣:٣٨

هەنگاو؛ دووشەممە ٣١ی خاکەلێوەی ٢٧٢٦

سزای لەسێدارەدانی دوو بەندکراوی سیاسی بە ناوەکانی محەممەد مەعسووم‌شاھی و حامید وەلیدی کە پێشتر لە پرۆسەیەکی نادادپەروەرانەدا بە تۆمەتی "ئەندامەتی لە ڕێکخراوی موجاهیدینی خەلق" و "سیخوڕی بۆ ئیسرائیل" لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپابوو، لە بەندیخانەی ناوەندیی کەرەج جێبەجێ کرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانی ڕۆژی دووشەممە ٣١ی خاکەلێوەی ٢٧٢٦، سزای لەسێدارەدانی ئەم دوو بەندکراوە سیاسییە بە ناوەکانی حامید وەلیدی تەمەن ٤٥ ساڵ و محەممەد مەعسووم‌شاھی کە ڕووبەڕووی تۆمەتی سیاسی و ئەمنی ببوونەوە، جێبەجێ کرا.

میدیا حکومەتییەکان لەوانە ئاژانسی هەواڵی میزان، بە دووبارەکردنەوەی سیناریۆکانی ناوەندە ئەمنییەکان، تۆمەتی ئەم کەسانەیان وەک «مۆحارەبە» و «هاوکاری لەگەڵ دەزگا هەواڵگرییەکانی ئیسرائیل (موساد)» ناو بردووە. لە ڕاپۆرتی ئەم میدیایانەدا بانگەشەی ئەوە کراوە کە ئەم دوو هاووڵاتییە لە ڕێگەی سەفەرکردن بۆ هەرێمی کوردستان ڕاکێشراون و دەستیان داوەتە «کردەوەی تێکدەرانە»؛ ئەو تۆمەتانەی کە دەزگای ئەمنیی کۆماری ئیسلامی هەمیشە بۆ سەرکوتی نەیاران و دەرکردنی سزای لەسێدارەدان کەڵکیان لێ وەردەگرێت.

محەممەد مەعسووم‌شاھی و حامید وەلیدی ڕۆژی سێشەممە ٢٣ی بانەمەڕی ٢٧٢٤ (١٣ی مەی ٢٠٢٥) لەلایەن هێزە حکومەتییەکانەوە لە تاران دەستبەسەر کران و ڕەزبەری ساڵی ڕابردوو لەلایەن لقی سێیەمین دادگای شۆڕشی کەرەج بە تۆمەتگەلێکی وەک "ئەندامێتی لە ڕێکخراوی موجاهیدینی خەلق و هەروەها هاوکاری لەگەڵ موسادی ئیسرائیل" سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپا.

جێگەی ئاماژەیە، ئەم دوو بەندکراوە لە تەواوی ماوەی دەستبەسەرکردن و دادگایییکردنیاندا لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەری سەربەخۆ و دادگایییکردنی دادپەروەرانە بێبەش بوون. هەروەها لە ماوەی دەستبەسەریدا بە توندی ئەشکەنجە دراون.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، وێڕای شەرمەزارکردنی توندی جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدانی ئەم دوو هاووڵاتییە، جەخت دەکاتەوە کە سەپاندن و جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان لەسەر بنەمای دانپێدانانی زۆرەملێ و تۆمەتی بێبنەمای «مۆحارەبە»، پێشێلکاریی ڕاشکاوی مافی ژیان و پەیماننامە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤە. هەنگاو داوا لە کۆمەڵگەی جیهانی دەکات کە کاردانەوەی جددییان هەبێت لە بەرامبەر شەپۆلی نوێی لەسێدارەدانە سیاسییەکان لە ئێراندا.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە