کامێران؛ بەردەوامیی دەستبەسەرکران و نادیاربوونی چارەنووسی ئەنوەر قوربانی

١ بانەمەڕ ٢٧٢٦، ٢٢:٣٥

هەنگاو؛ سێشەممە ١ی بانەمەڕی ٢٧٢٦

دوای تێپەڕبوونی ٢٦ ڕۆژ بەسەر دەستبەسەرکرانی ئەنوەر قوربانی، لە چالاکانی مەدەنیی خەڵکی کامێران لەلایەن هێزە حکومەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە، هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنی ناوبراو لەبەردەستدا نییە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، دۆخی ئەنوەر قوربانی، هاووڵاتیی کورد و چالاکی مەدەنیی خەڵکی کامێران، دوای تێپەڕبوونی ٢٦ ڕۆژ لە کاتی دەستبەسەرکرانی هێشتا بە نادیاری ماوەتەوە. ئەم چالاکە مەدەنییە لەم ماوەیەدا لە مافی پەیوەندیی تەلەفۆنی، چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵە و دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەش کراوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەنوەر قوربانی ڕۆژی چوارشەممە ٥ی خاکەلێوەی ٢٧٢٦ (٢٥ی مارسی ٢٠٢٦) لە ئەنجامی هێرشی هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات بۆ سەر ماڵەکەی، بێ نیشاندانی هیچ جۆرە بەڵگەیەکی دادوەری و بە پەنابردن بۆ توندوتیژی دەستبەسەر کراوە. هێزە حکومەتیەکان لە کاتی دەستبەسەرکردنی ناوبراو، دەستیان داوەتە پشکنینی ماڵەکە و زەوتکردنی هەندێک لە کەلوپەلە کەسییەکانی وەک مۆبایل و کتێبەکانی.

بەدواداچوونی بەردەوامی بنەماڵەی قوربانی لە ناوەندە ئەمنییەکان و دامەزراوە دادوەرییەکانی کامێران و سنە تا ئێستا بێئاکام ماوەتەوە و بەرپرسانی پێوەندیدار لە پێدانی هەر جۆرە وەڵامێک سەبارەت بەو تۆمەتانەی خراونەتە پاڵی و شوێنی ڕاگرتنی، خۆیان دەپارێزن.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە