ڕاپۆرتی هەنگاو لەسەر جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدانی لانی کەم ٥ بەندکراو لە بەندیخانەکانی کرماشان، زەنجان و کاشان

٢ بانەمەڕ ٢٧٢٦، ١٢:١٤

هەنگاو؛ چوارشەممە ٢ی بانەمەڕی ٢٧٢٦

سزای لەسێدارەدانی لانی کەم پێنج بەندکراو لەوانە دوو بەندکراوی کورد و دوو بەندکراوی تورک بە ناوەکانی محەممەد حەیدەری، عابید شەرەفی، ناسر تاهیری، یەحیا مەعسوومی و عەلی زوهرابی لە بەندیخانەکانی کرماشان، زەنجان و کاشان کە پێشتر بە تۆمەتی "کوشتنی ئەنقەست" سزای قیساسیان بەسەردا سەپابوو، جێبەجێ کراوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانی چوارشەممە ٢٦ی خاکەلێوەی ٢٧٢٦ (١٥ی ئەپریلی ٢٠٢٦) سزای لەسێدارەدانی دوو بەندکراوی کورد بە ناوەکانی محەممەد حەیدەری تەمەن ٣١ ساڵ و عابید شەرەفی تەمەن ٢٨ ساڵ لە بەندیخانەی ناوەندیی کرماشان (دیزڵ‌ئاوا) جێبەجێ کرا.

محەممەد حەیدەری لە ٤ ساڵ پێش و عابید شەڕەفی لە ٣ ساڵ پێشەوە، بە تۆمەتی جیاوازی "کوشتنی ئەنقەست" دەستبەسەر و لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپابوو.

هاوکات، سزای لەسێدارەدانی بەندکراوێک بە ناوی عەلی زوهرابی، تەمەن ٣٤ ساڵ و باوکی منداڵێکی ساوا لە بەندیخانەی ناوەندیی کاشان جێبەجێ کرا. عەلی زوهرابی پێشتر بە تۆمەتی "کوشتنی ئەنقەست"ی مامۆستایەکی هاتووچۆ لە کاتی تێکهەڵچوونێکدا، دەستبەسەر و سزای قیساسی بەسەردا سەپابوو.

لە لایەکی دیکەوە، بەرەبەیانی چوارشەممە ١٩ی خاکەلێوەی ٢٧٢٦ (٨ی ئەپریلی ٢٠٢٦) سزای لەسێدارەدانی دوو بەندکراوی تورک لە بەندیخانەی ناوەندیی زەنجان جێبەجێ کراوە. ناسنامەی ئەم دوو بەندکراوە ناسر تاهیری، تەمەن ٤٤ ساڵ، خەڵکی زەنجان و باوکی دوو منداڵ، و هەروەها یەحیا مەعسوومی، تەمەن ٤٠ ساڵ و خەڵکی قەزوین پشتڕاست کراوەتەوە.

ناسر تاهیری ٣ ساڵ پێش و یەحیا مەعسوومی ٥ ساڵ پێش بە تۆمەتی "کوشتنی ئەنقەست" دەستبەسەر ببوون.

تا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، لەسێدارەدانی ئەم پێنج بەندکراوە لە میدیا حکومەتییەکان و میدیاکانی سەر بە دەزگای دادوەری ڕانەگەیەندراوە.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە