بۆکان؛ دەستبەسەرکرانی مریەم داوودیان، هاووڵاتیی تەمەن ٥٨ ساڵ و گواستنەوەی بۆ ئورمیە
هەنگاو؛ چوارشەممە ٢ی بانەمەڕی ٢٧٢٦
مریەم داوودیان، هاووڵاتیی تەمەن ٥٨ ساڵ و خەڵکی بۆکان، دوای بانگکرانی بۆ دادگا دەستبەسەر کرا و بۆ یەکێک لە دەستبەسەرگە ئەمنییەکان لە شاری ئورمیە گواستراوەتەوە. بەردەوامیی دەستبەسەرکرانی ناوبراو بە سەرنجدان بە تووشبوونی بە چەندین نەخۆشیی درێژخایەن، بووەتە هۆی نیگەرانیی جددی.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی دووشەممە ٣١ی خاکەلێوەی ٢٧٢٦ (٢٠ی ئەپریلی ٢٠٢٦)، مریەم داوودیان، هاووڵاتیی کورد و خەڵکی بۆکان، دوای بانگکرانی بۆ لقی لێکۆڵینەوەی دادسەرای ئەم شارە دەستبەسەر کرا. هەنگاو زانیویەتی کە بۆ ئەم هاووڵاتییە سزای دەستبەسەرکردنی ١٠ ڕۆژە دەرچووە و دەستبەجێ بۆ لێپرسینەوە بۆ یەکێک لە دەستبەسەرگە حکومەتییەکان لە ئورمیە گواستراوەتەوە.
بە وتەی سەرچاوەکانی هەنگاو، ڕۆژی سێشەممە ٢٥ی خاکەلێوە، هێزە حکومەتییەکان بێ نیشاندانی حوکمی دادوەری هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی بنەماڵەیی مریەم داوودیان و دوای پشکنینی ماڵەکە، مۆبایلەکەیان زەوت کردووە. دوابەدوای ئەوە، ناوبراو ڕۆژی شەممە ٢٩ی خاکەلێوەش بۆ ناوەندە ئەمنییەکان بانگ کرابوو و بۆ ماوەی چەندین کاتژمێر لێپرسینەوەی لێ کرابوو.
سەرچاوە نزیکەکان لە بنەماڵەی داوودیان بە هەنگاویان ڕاگەیاندووە کە مریەم داوودیان بەدەست چەندین نەخۆشییەوە وەک شەکرە، تالاسیمیا و ڕۆماتیزمەی جومگە دەناڵێنێت. بێبەشکردنی ناوبراو لە دەستڕاگەیشتن بە دەرمانە سەرەکییەکان و چاودێریی پزیشکی لە دەستبەسەرگەدا، گیانی ئەم هاووڵاتییە تەمەن ٥٨ ساڵەی لەگەڵ مەترسیی جددی ڕووبەڕوو کردووەتەوە.
تا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، زانیارییەکی ورد لەسەر هۆکارەکانی دەستبەسەرکردن و ئەو تۆمەتانەی خراونەتە پاڵ مریەم داوودیان لەبەردەستدا نییە.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، وێڕای شەرمەزارکردنی دەستبەسەرکردنی نایاسایی هاووڵاتییان و چالاکان، هۆشداری لەسەر دۆخی تەندروستیی مریەم داوودیان دەدات و بە سەرنجدان بە دۆخی نالەباری جەستەیی داوای ئازادکردنی دەستبەجێی ناوبراو دەکات.