بەردەوامیی دەستبەسەرکران، ئەشکەنجە و ناڕوونیی چارەنووسی سوهەیل عەرەبی لە بەندیخانەی قزڵحیسار

٣ بانەمەڕ ٢٧٢٦، ١٢:٥٥

هەنگاو؛ پێنجشەممە ٣ی بانەمەڕی ٢٧٢٦

سوهەیل عەرەبی، هاووڵاتیی کورد، چالاکی سیاسی و بەندکراوی سیاسیی پێشوو، سەرەڕای تێپەڕبوونی زیاتر لە مانگێک بەسەر کاتی دەستبەسەرکرانیدا، هێشتا  لە ژوورە تاکەکەسییەکانی بەندیخانەی قزڵحیساری کەرەجدا لەژێر گوشار و ئەشکەنجەدایە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، سوهەیل عەرەبی، چالاکی خەڵکی بیجاڕ و دانیشتووی تاران، کە لە ڕەشەممەی ساڵی ڕابردووەوە لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە لە تاران دەستبەسەر کراوە، سەرەڕای تێپەڕبوونی زیاتر لە مانگێک بەسەر دەستبەسەرکرانیدا، هێشتا بەبێ دیاریکردنی چارەنووسی یاسایی، لە ژووری تاکەکەسیی بەندیخانەی قزڵحیساردا ڕاگیراوە.

سەرچاوە ئاگادارەکان بە هەنگاویان ڕاگەیاندووە کە سوهەیل عەرەبی، لەم دواییانەدا لە کاتی لێکۆڵینەوە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانیبەندیخانە، بە سەختی دراوەتە بەر لێدان و کوتان . سەختی و قووڵی برینەکانی بە ڕادەیەک بووە کە گوازراوەتەوە بۆ ناوەندێکی دەرمانی لە دەرەوەی بەندیخانە و دوای چارەسەری سەرەتایی، دووبارە بۆ ژوورە تاکەکەسییەکە گەڕێندراوەتەوە.

شایانی باسە کە ئەم چالاکە سیاسییە  لەلایەن ناوەندە حکومەتی و دەزگای دادوەریی ئێرانەوە بەرەوڕووی تۆمەتی "ئەندامەتی لە گرووپە دژبەرەکانی کۆماری ئیسلامی" بووەتەوە.

سوهەیل عەرەبی، وێبڵاگنووس و براوەی خەڵاتی "ئازادیی ڕۆژنامەگەری"ی ڕێکخراوی پەیامنێرانی بێ سنوور، پێشینەی ساڵانێکی زۆر دەستبەسەرکران و سزای قورسی هەیە. ناوبراو لە ساڵی ٢٠١٣ بەهۆی چالاکی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، سەرەتا سزای سێدارەی بەسەردا سەپابوو کە دواتر لەژێر گوشاری نێودەوڵەتیدا ئەو سزایە هەڵوەشایەوە.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە