بەردەوامیی دەستبەسەرکران و ناجێگیربوونی دۆخی تەندروستیی شلێر مام‌قادری لە بەندیخانەی ئورمیە

٧ بانەمەڕ ٢٧٢٦، ١٩:١٣

هەنگاو؛ شەممە ٥ی بانەمەڕی ٢٧٢٦

دوای تێپەڕبوونی سێ حەوتوو بەسەر دەستبەسەرکرانی شلێر مام‌قادری، هاووڵاتیی کورد و خەڵکی مهاباد، ناوبراو هێشتا لە بەندی قەرەنتینەی بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە بەند کراوە. بێبەشبوونی ئەم دایکە تووشبووە بە نەخۆشیی شێرپەنجە لە دەستڕاگەیشتن بە خزمەتگوزارییە دەرمانییەکان، گیانی لەگەڵ مەترسیی جددی ڕووبەڕوو کردووەتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، شلێر مام‌قادری، دایکی دوو منداڵ و خەڵکی مهاباد، لە کاتی دەستبەسەرکرانی لە ڕۆژی چوارشەممە ١٩ی خاکەلێوەی ٢٧٢٦ (٨ی ئەپریلی ٢٠٢٦)ەوە، بێ ڕاگەیشتنی پزیشکی لە بەندی کەرەنتینەی ژنانی بەندیخانەی ناوەندیی ورمێدا ڕاگیراوە.

جێگەی ئاماژەیە، شلێر مام‌قادری لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی کورتدا لەگەڵ بنەماڵەکەی، هەواڵی بەردەوامیی دەستبەسەرکرانی خۆی ڕاگەیاندووە.
ناوبراو کە پێش دەستبەسەرکرانی لە تێپەڕاندنی قۆناغە هەستیارەکانی چارەسەری نەخۆشیی شێرپەنجەدا بووە، ئێستا ٢١ ڕۆژە لە بەندیخانەدا لە دەستڕاگەیشتن بە دەرمانە سەرەکییەکان و چاودێریی پسپۆڕانە بێبەش کراوە.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو وێڕای دەربڕینی نیگەرانیی قووڵی خۆی سەبارەت بە تەندروستیی شلێر مام‌قادری، بەردەوامیی دەستبەسەرکران و بێبەشکردنی لە چارەسەری دەرمانی وەک نموونەی ئەشکەنجەی سیستماتیک و پێشێلکاریی مافی ژیان دەزانێت.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە