گواستنەوەی فرووزان نەوجەوان، لە مامۆستایانی زمانی ئینگلیزی بۆ بەندی ژنانی بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیه
هەنگاو؛ یەکشەممە ٣ی جۆزەردانی ٢٧٢٦
فرووزان نەوجەوان (ئیسلامی)، هاووڵاتیی کورد، مامۆستای زمانی ئینگلیزی و یەکێک لە بلۆگەرە ناسراوەکانی خەڵکی ئورمیە، دوای تەواوبوونی قۆناغەکانی لێکۆڵینەوە لە دەستبەسەرگە حکوومەتییەکاندا، بۆ بەندی ژنانی بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیه (بەندیخانەی دەریا) گوازرایەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، فرووزان نەوجەوان لەم دواییانەدا لە ڕێگەی پەیوەندییەکی کورتی تەلەفۆنی لەگەڵ بنەماڵەکەیدا، هەواڵی گواستنەوەی خۆی بۆ بەندی ژنانی بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیه ڕاگەیاندووە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لەمبارەیەوە بە هەنگاوی ڕاگەیاند: «سەرەڕای تەواوبوونی قۆناغەکانی لێکۆڵینەوەی سەرەتایی، لقی لێکۆڵینەوەی دادگای گشتی و شۆڕشی ئورمیه لەگەڵ دانانی بارمتە و ئازادکردنی کاتیی فرووزان نەوجەوان ڕەزامەندی دەرنەبڕیوە و بڕیاری درێژکردنەوەی دەستبەسەرکردنی ناوبراوی دەرکردووە. شیاوی باسه که ناوبراو لە تماوەی ئەو ڕۆژانەی کە دەستبەسەر بووە لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەری هەڵبژێردراو و چاوپێکەوتنی ڕووبەڕوو لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش کراوە.»
فرووزان نەوجەوان (ئیسلامی)، بەرپرسی ئەکادیمیای زمانی «نەوجەوان» و یەکێک لە کەسە ناسراوەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە ئورمیە، ڕۆژی چوارشەممە ٢٣ی بانەمەڕی ٢٧٢٦، بەبێ نیشاندانی هیچ جۆرە بەڵگە یان حوکمێکی یاسایی لەلایەن هێزە حکومەتییەکانەوە دەستبەسەر کرابوو.
تا کاتی ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە، ناوەندە ئەمنی و دادوەرییەکانی ئورمیه هیچ جۆرە ڕوونکردنەوەیەکیان سەبارەت بە هۆکارەکانی دەستبەسەرکردن، جۆری تۆمەتەکان و ئەو چالاکییانەی کە بوونەتە هۆی دەستبەسەرکردنی ئەم هاووڵاتییە نەداوە.