ئاودانان؛ دەستبەسەرکران و گواستنەوەی بێهرووز هیممەتی بۆ بەندیخانەی ماھپاره
هەنگاو؛ شەممە ٥ی بانەمەڕی ٢٧٢٦
بێهرووز هیممەتی هاووڵاتیی کورد و خەڵکی ئاودانان و لە فەرمانبەرانی کەرتی دەرمان، لەلایەن هێزە حکومەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کرا و بۆ بەندیخانەی ماھپاره لە شارستانی دەرەشار گواستراوەتەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی چوارشەممە ٢ی بانەمەڕی ٢٧٢٦ (٢٢ی ئەپریلی ٢٠٢٦)، هێزە حکومەتییەکان بە بێ نیشاندانی هیچ جۆرە بەڵگەیەکی دادوەری، بێهرووز هیممەتی هاووڵاتیی کورد و خەڵکی ئاودانانیان دەسبەسەرکرد.
هەنگاو زانیویەتی کە بێهرووز هیممەتی، تەمەن ٤٢ ساڵ و فەرمانبەری نەخۆشخانەی ڕەسوول ئەکرەمی ئاودانان، دوای دەستبەسەرکردنی سەرەتا بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە و پاشان بەپێی بەدواداچوونە ئەنجامدراوەکان، دەرکەوتووە کە ناوبراو بۆ بەندیخانەی «ماھپاره» لە دەڕەشار(سەر بە پارێزگای ئیلام) گواستراوەتەوە.
دوای تێپەڕبوونی چەند ڕۆژ بەسەر دەستبەسەرکردنی ئەم هاووڵاتییە کوردەدا، هۆکارەکانی دەستبەسەرکران و ئەو تۆمەتانەی خراونەتە پاڵی، لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکان و دادوەرییەکانەوە ڕانەگەیەندراون. هەروەها ڕاپۆرتەکان باس لەوە دەکەن کە ناوبراو لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر و پەیوەندی لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش کراوە.