ئورمیە؛ پشتڕاستکردنەوەی سزای لەسێدارەدانی ناسر بەکرزادە لە دیوانی باڵا و مەترسیی جێبەجێکردنی سزاکەی لە داهاتوویەکی نزیکدا

٦ بانەمەڕ ٢٧٢٦، ١٢:٠٨

هەنگاو؛ یەکشەممە ٦ی بانەمەڕی ٢٧٢٦

دیوانی باڵای وڵاتی ئێران لە پرۆسەیەکی خێرادا، سزای لەسێدارەدانی ناسر بەکرزادە، بەندکراوی سیاسیی کورد و دەستبەسەر لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیەی بۆ جاری سێیەم پشتڕاست کردەوە. ئەم بەندکراوە دوای ڕاگەیاندنی حوکمەکە، لە نووسینگەی جێبەجێکردنی سزاکان دراوەتە بەر لێدان و سووکایەتیی پێ کراوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی شەممە ٥ی بانەمەڕی ٢٧٢٦ (٢٥ی ئەپریلی ٢٠٢٦)، ناسر بەکرزادە بۆ نووسینگەی جێبەجێکردنی سزاکانی بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە بانگ کراوە و سزای کۆتاییی لەسێدارەدان کە لەلایەن لقی ٣٩ی دیوانی باڵای وڵاتەوە دەرچووە، بە فەرمی پێی ڕاگەیەندراوە. ناوبراو پێشتر لەلایەن لقی دووی دادگای شۆڕشی ئورمیەوە بە تۆمەتی "سیخوڕی بۆ ئیسرائیل" سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپابوو.

سەرچاوە ئاگادارەکان لە ناو بەندیخانەوە ڕایانگەیاندووە کە لە کاتی ڕاگەیاندنی حوکمی ئەم بەندکراوە سیاسییە، بەرپرسی جێبەجێکردنی سزاکانی بەندیخانەی ئورمیە، هەڕەشەی جێبەجێکردنی خێرای سزای لەسێدارەدانی لە ناسر بەکرزادە کردووە. دوابەدوای ناڕەزایەتیی ناسر بەرامبەر بەم هەڕەشانە و پرۆسەی نادادپەروەرانەی دۆسیەکە، لەلایەن ئەم بەرپرسەوە بێڕێزیی پێ کراوە و بە توندی لێی دراوە.

دیوانی باڵای وڵات لە کاتێکدا تەنیا دوای ١٠ ڕۆژ لە ناردنی دۆسیەکە، سزای لەسێدارەدانی پشتڕاست کردووەتەوە کە پێشتر ئەم سزایە دوو جار بەهۆی کەموکوڕیی یاسایی و نەبوونی بەڵگەی پێویست لەلایەن هەر ئەو دیوانەوە هەڵوەشابووەوە. سیداد شێرزاد، یەکێک لە پارێزەرانی ناوبراو، پێشتر ڕایگەیاندبوو کە لقی دووی دادگای شۆڕشی ورمێ سەرەڕای تێبینییە یاسایییەکانی لقی ٣٩ی دیوان، بێ گوێدان بە بەڵگە یاسایییەکان، بۆ جاری سێیەم سزای لەسێدارەدانی دەرکردووە.

ناسر بەکرزادە، تەمەن ٢٦ ساڵ و خەڵکی ورمێ، یەکەم جار لە ١٨ی گەلاوێژی ٢٧٢٣ دەستبەسەر کرا و دوای ماوەیەک ئازاد کرا. ناوبراو دووبارە لە ١٢ی بەفرانباری ٢٧٢٣ لەلایەن ڕێکخراوی ئیتلاعاتی سوپاوە دەستبەسەر کرا و لە دەستبەسەرگەی «ئەلمەهدی» لەژێر گوشار و ئەشکەنجەدا بوو بۆ وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ. ناوبراو لە تەواوی ماوەی لێپرسینەوەدا لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش بوو.

ناسر بەکرزادە پێشتر لەلایەن لقی ٢ی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ئورمیە بە سەرۆکایەتیی دادوەر شاهینی بە تۆمەتی "سیخوڕی بۆ ئیسرائیل" سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپابوو کە حوکمەکە لەلایەن دیوانی باڵاوە هەڵوەشایەوە و بۆ بەشی هاوتەراز لە دادگای شۆڕش نێردرایەوە.

هەروەها ناسر بەکرزادە لە ڕێکەوتی ١٢ی خەزەڵوەری ٢٧٢٤، لەلایەن لقی ٣ی دادگای شۆڕشی ورمێ بە سەرۆکایەتیی دادوەر نەجەفزادە بە تۆمەتی "سیخوڕی بۆ ئیسرائیل" سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپایەوە. ئەم حوکمە بەهۆی تانەدان لێی هەڵوەشایەوە و لەلایەن لقی ٣٩ی دیوانی باڵاوە بۆ لقی هاوشێوە گواسترایەوە.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، وێڕای دەربڕینی نیگەرانیی قووڵی خۆی لە پشتڕاستکردنەوەی خێرای ئەم حوکمە لە نێوەندی ئاڵۆزییە سەربازییەکان و دۆخی جەنگیی باڵادەستدا، جەخت دەکاتەوە کە ناسر بەکرزادە قوربانیی سیناریۆیەکی ئەمنی و دادگایییکردنێکی نادادپەروەرانەیە. هەنگاو هۆشداری دەدات لەسەر مەترسیی جێبەجێکردنی خێرای سزای لەسێدارەدانی ئەم بەندکراوە سیاسییە و داوای دەستێوەردانی دەستبەجێی ناوەندە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ دەکات بۆ ڕاگرتنی ئەم کوشتنە حکومەتییە.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە