سەقز؛ ڕاپۆرتێک لەسەر سەر لەنوێ دەستبەسەرکردنی هێمن حوسێنی دوای بانگکرانی بۆ ئیدارەی ئیتلاعات
هەنگاو؛ چوارشەممە ٩ی بانەمەڕی ٢٧٢٦
دوای تێپەڕبوونی ١٦ ڕۆژ بەسەر دەستبەسەرکرانی هێمن حوسێنی، هاووڵاتیی کورد و خەڵکی سەقز و بەندکراوی سیاسیی پێشوو، هێشتا هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنی ناوبراو لەبەردەستدا نییە و ئەم بابەتە نیگەرانیی قووڵی بنەماڵەکەی لێکەوتووەتەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی سێشەممە ٢٥ی خاکەلێوەی ٢٧٢٦ (١٤ی ئەپریلی ٢٠٢٦)، هێمن حوسێنی چالاکی خەڵکی سەقز دوای بانگکرانی بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی سەقز دەستبەسەر کراوە و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە.
هەنگاو زانیویەتی کە بەدواداچوونی بەردەوامی بنەماڵەکەی بۆ وەرگرتنی زانیاری لەسەر دۆخی یاسایی و شوێنی ڕاگرتنی تا ئێستا بێ وەڵام ماوەتەوە و زانیارییەکی ورد لەسەر چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنی لەبەردەستدا نییە.
هێمن حوسێنی پێشتریش چەندین جار بەهۆی چالاکییەکانیەوە دەستبەسەر کراوە. ناوبراو دواجار لە بەفرانباری ساڵی ڕابردوو (٢٧٢٥) دەستبەسەر کرابوو و تەنیا ماوەیەکی کورت بەسەر ئازادبوونیدا تێپەڕ ببوو کە دووبارە دەستبەسەر کراوەتەوە.
جێگەی ئاماژەیە کە ئەم هاووڵاتییە لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا دوو جاری دیکەش پێشینەی دەستبەسەرکران و سزای بەندکرانی هەبووە و دوای تێپەڕاندنی ماوەی سزاکەی لە بەندیخانەی ناوەندیی سەقز ئازاد ببوو.