دەستبەسەرکردن و نادیاری چارەنووسی ئاکۆ سوڵتانی لە سەقز
هەنگاو؛ یەکشەممە ١٦ی خاکەلێوەی ٢٧٢٦
هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامیی ئێران، هاووڵاتییەکی خەڵکی سەقز بە ناوی ئاکۆ سوڵتانیان بە پەنابردن بۆ توندوتیژی دەستبەسەر کردووە و بۆ شوێنێکی نادیاریان گواستووەتەوە. ئەو تۆمەتەی خراوەتە پاڵ ئەم هاووڵاتییە بەکارهێنانی ئامێری ئینتەرنێتی مانگی دەستکرد (ستارلینک) ڕاگەیەندراوە.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی شەممە ١ی خاکەلێوەی ٢٧٢٦ (٢١ی مارسی ٢٠٢٦)، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات بە هێرشکردنە سەر ماڵی هاووڵاتییەک بە ناوی ئاکۆ سوڵتانی، تەمەن ٣١ ساڵ و خەڵکی سەقز، ناوبراویان دەستبەسەرکردووە.
سەرچاوە ئاگادارەکان ڕاپۆرتیان داوە کە دەستبەسەرکردنی ئەم هاووڵاتییە بە پەنابردن بۆ توندوتیژیی زۆر ئەنجام دراوە و هێزە ئەمنییەکان دوای پشکنینی ماڵەکەی، ناوبراویان بۆ دەستبەسەرگەی ئەو ناوەندە ئەمنییە گواستووەتەوە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی نێزیک لە بنەماڵەی سوڵتانی، ناوەندە حکومەتییەکانی تۆمەتی «بەکارهێنانی کەلوپەلی ئینتەرنێتی مانگی دەستکردی ستارلینک» خستووەتە پاڵ ناوبراو.
تا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، بەدواداچوونی بنەماڵەی ئاکۆ سوڵتانی بۆ ئاگاداربوون لە چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنی ڕۆڵەکەیان بێئاکام ماوەتەوە.