بۆکان؛ بەردەوامیی دەستبەسەرکران و ڕاگرتنی ئیبراهیم مەردانی لە دۆخێکی نادیار و ڕێگریی ناوەندە حکومییەکان لە ئازادیی کاتیی ناوبراو
هەنگاو؛ سێشەممە ١٥ی بانەمەڕی ٢٧٢٦
دوای تێپەڕبوونی نزیکەی پێنج مانگ بەسەر دەستبەسەرکرانی ئیبراهیم مەردانی، هاووڵاتیی کورد و تەمەن ٤٨ ساڵ و خەڵکی بۆکان، ناوبراو هێشتا لە بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارەدا لە دۆخێکی نادیاردا ڕاگیراوە. زانیارییەکان باس لەوە دەکەن کە ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە ڕێگری لە ئازادکردنی کاتیی ناوبراو بە دانانی بارمتە دەکات.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، سەرەڕای تێپەڕبوونی نزیکەی پێنج مانگ بەسەر دەستبەسەرکرانی ئیبراهیم مەردانی، ناوبراو هێشتا بە نادیاریی یاسایی لە بەندیخانەی ناوەندیی بۆکاندا ماوەتەوە. وێڕای بەدواداچوونی بەردەوامی بنەماڵەکەی، ناوەندە حکومییەکان دژایەتیی خۆیان بۆ ئازادکردنی ناوبراو تا کۆتاییی قۆناغەکانی دادگاییکردن دەربڕیوە.
شایانی باسە کە ئیبراهیم مەردانی، ئێوارەی سێشەممە ٢٥ی سەرماوەزی ٢٧٢٥ (١٦ی دیسەمبەری ٢٠٢٥) لە کاتی هێرشی هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات بۆ سەر ماڵی بنەماڵەکەی، بە بەکارهێنانی بۆ توندوتیژی و بێ نیشاندانی هیچ جۆرە بەڵگەیەکی دادوەری دەستبەسەر کرابوو.
ئیبراهیم مەردانی پێشتریش لە ڕێکەوتی ١٣ی بانەمەڕی ٢٧٢٥، بەهۆی ئامادەبوونی میوانانێک بە پۆشینی «جامانە» و «جلوبەرگی کوردیی خاکی» لە ڕێوڕەسمی زەماوەندی کوڕەکەیدا دەستبەسەر کرابوو. ناوبراو لەو دۆسیەیەدا لەگەڵ ٥٧ هاووڵاتیی دیکە، لەلایەن دادگای شۆڕشی پیرانشارەوە سزای ٣ مانگ بەندکرانی تەعزیری (گۆڕدراو بۆ پێبژاردنی ٢٤ ملیۆن تمەن پارەی نەخت) بەسەردا سەپابوو.