بۆکان؛ بەردەوامیی دەستبەسەرکرانی ڕەسووڵ یادیار دوای پێنج مانگ نادیاربوونی چارەنووسی

١٧ بانەمەڕ ٢٧٢٦، ١١:٣٢

هەنگاو؛ پێنجشەممە ١٧ی بانەمەڕی ٢٧٢٦

دوای تێپەڕبوونی پێنج مانگ بەسەر دەستبەسەرکرانی ڕەسووڵ یادیار، هاووڵاتیی کورد و خەڵکی بۆکان، ناوبراو هێشتا لەژێر گوشاری ناوەندە ئەمنییەکاندا لە بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارەدا لە دۆخێکی نادیاردا ماوەتەوە. ڕاپۆرتەکان باس لەوە دەکەن کە ئیدارەی ئیتلاعات جیا لە ئەنجامدانی ئەشکەنجەی سەختی جەستەیی، ڕێگری لە ئازادکردنی ناوبراو بە دانانی بارمتە دەکات.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، سەرەڕای تێپەڕبوونی ٥ مانگ و نەسەلماندنی هیچ جۆرە تۆمەتێک دژی ڕەسووڵ یادیار، ئیدارەی ئیتلاعاتی بۆکان و عەلی زاهیدی داواکاری گشتیی ئەو شارە بە ئەنقەست ڕێگری لە وەرگرتنی بارمتە و ئازادکردنی کاتیی ناوبراو دەکەن.

هەروەها هەنگاو زانیویەتی کە ئۆتۆمبێلی تایبەتیی ڕەسووڵ یادیار کە لە حەوشەی ئیدارەی ئیتلاعاتدا دەستی بەسەردا گیرابوو، لە ئەنجامی هێرشی فڕۆکە جەنگییەکانی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر بینا و حەوشەی ئیدارەی ئیتلاعاتی بۆکان، بەرکەوتووە و تێکشکاوە، بەڵام ناوەندە پەیوەندیدارەکان لە پێدانی هەر جۆرە قەرەبوویەک خۆیان دەپارێزن.

ڕەسووڵ یادیار، خێزاندار، خەڵکی گوندی «گوکتەپە»ی بۆکان و دانیشتووی گوندی «ناچیت»ی ئەو شارە، ڕۆژی سێشەممە ٢٥ی سەرماوەزی ٢٧٢٥ (١٦ی دیسەمبەری ٢٠٢٥)ـەوە لە دەستبەسەرگەدایە. ناوبراو لە ماوەی لێپرسینەوەکانیدا لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی بۆکان لەژێر ئەشکەنجەی دڕندانەدا بووە، بە شێوەیەک کە چەند ددانی شکاوە و لە لەبەشی دەست، لووت و شەویلکەوە تووشی برینداربوونی سەخت بووە. سەرەڕای خراپیی دۆخی تەندروستیی، تەنیا بۆ ماوەیەکی کورت گواستراوەتەوە بۆ بەشی تەندروستی و پاشان بێ تەواوکردنی قۆناغەکانی چارەسەری بۆ دەستبەسەرگە گەڕێندراوەتەوە.

شایانی باسە کە سێ برای ڕەسووڵ یادیار بە ناوەکانی ناسر یادیار تەمەن ٣٨ ساڵ، مووسا یادیار تەمەن ٢٦ ساڵ و حەمزە یادیار تەمەن ٢٥ ساڵ کە ئێوارەی چوارشەممە ٢٢ی ڕێبەندانی ٢٧٢٥ لە کاتی هێرشی هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات دەستبەسەر کرابوون، دوای دوو مانگ دەستبەسەرکران لە ڕێکەوتی ٢٣ی خاکەلێوەی ٢٧٢٦ بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی ئازاد کران.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە