دوورخرانەوەی حامید دلاوەری هاووڵاتیی خەڵکی سەقز بۆ بەندیخانەی ناوەندیی قوروە
هەنگاو؛ چوارشەممە ١٦ی بانەمەڕی ٢٧٢٦
حامید دلاوەری هاووڵاتیی کورد و خەڵکی شاری سەقز کە زیاتر لە سێ مانگە دەستبەسەرکراوە، لەم دواییانە بە فەرمانی بەرپرسانی دادوەری لە دەستبەسەرگە حکومەتییەکانی سەقز و سنەوە بۆ بەندیخانەی ناوەندیی قوروە دوور خراوەتەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، گواستنەوەی حامید دلاوەری بۆ بەندیخانەی قوروە بە فەرمانی لێکۆلەری لقی ٢ی دادسەرای گشتی و شۆڕشی سەقز ئەنجام دراوە. ناوبراو ڕۆژی ٢٧ی بەفرانباری ٢٧٢٥ (١٧ی ژانوییەی ٢٠٢٦) لەلایەن هێزە حکومەتییەکانەوە لە سەقز دەستبەسەر کرابوو.
شایانی باسە کە حامید دلاوەری لە ماوەی دەستبەسەرکرانیدا لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتنی ڕووبەڕوو لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش کراوە و لەژێر لێپرسینەوەی تونددا بووە.
تا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، زانیارییەکی ورد لەسەر جۆری ئەو تۆمەتانەی لەلایەن ناوەندە حکومەتییەکانەوە خراونەتە پاڵ ناوبراو، لەبەردەستدا نییە.