میاندواو؛ بەردەوامیی دەستبەسەرکران و نادیاریی چارەنووسی سالار خەلیفەزادە دوای تێپەڕبوونی شەش مانگ
هەنگاو؛ هەینی ١٨ی بانەمەڕی ٢٧٢٦
دوای تێپەڕبوونی ٦ مانگ و ١٢ ڕۆژ بەسەر کاتی دەستبەسەرکرانی سالار خەلیفەزادە، هاووڵاتیی کورد و تەمەن ٤٣ ساڵ و خەڵکی مهاباد، ناوبراو هێشتا لە بەندیخانەی ناوەندیی میاندواو لە دۆخێکی نادیاردا دەستبەسەرە و پرۆسەی دادگاییکردنەکەی ڕووبەڕووی ناڕوونیی جددی بووەتەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، سالار خەلیفەزادە کە ئێستا لە بەندیخانەی ناوەندیی میاندواو بەندکراوە، لە کاتی دەستبەسەرکرانییەوە تا ئێستا لە مافی دەستڕاگەیشتن بە دادگاییکردنی دادپەروەرانە و ئازادکردنی کاتی بێبەش کراوە.
سالار خەلیفەزادە کاتژمێر ١١ی بەیانیی ڕۆژی دووشەممە ٥ی خەزەڵوەری ٢٧٢٥ (٢٧ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٥)، لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی مەهابادەوە لە شوێنی کارەکەی (دەکەی فرۆشتنی خۆراک لە نزیک قوتابخانەی فاتمییە) دەستبەسەر کرابوو. هێزە حکومەتییەکان لە کاتی دەستبەسەرکردنی ناوبراودا لە نیشاندانی هەر جۆرە بەڵگەیەکی دادوەری خۆیان پاراستبوو.
سالار خەلیفەزادە دوای تێپەڕاندنی ماوەی لێپرسینەوە لە دەستبەسەرگە ئەمنییەکانی مهاباد و ئورمیە، بۆ بەندیخانەی ناوەندیی میاندواو گواستراوەتەوە. سەرەڕای بەدواداچوونی چەندین جارەی بنەماڵەکەی، ناوەندە حکومەتی و دادوەرییەکان تا ئێستا لە پێدانی وەڵامێکی ڕوون سەبارەت بە جۆری ئەو تۆمەتانەی خراونەتە پاڵی و هۆکاری بەردەوامیی دەستبەسەرکردنی کاتیی ناوبراو، خۆیان دەپارێزن.