زاهیدان؛ لەسێدارەدانی نهێنیی عەبدولجەلیل شەبەخش، بەندکراوی سیاسیی بەلووچ تەنیا ۵۵ ڕۆژ دوای دەستبەسەرکرانی
هەنگاو؛ سێشەممە ٢٢ی بانەمەڕی ٢٧٢٦
سزای سێدارەی عەبدولجەلیل شەبەخش، بەندکراوی سیاسیی بەلووچ و خەڵکی شاری تەفتان سەر بە پارێزگای سیستان و بەلووچستان کە لە کاتی شەڕی ٤٠ ڕۆژەی نێوان ئێران، ئیسرائیل و ئەمریکادا دەستبەسەر کرابوو، بە شێوەیەکی نهێنی لە بەندیخانەی ناوەندیی زاهیدان جێبەجێ کرا. زانیارییەکی ورد لەسەر وردەکارییەکانی دۆسیەی ئەم بەندکراوە سیاسییە لەبەر دەستدا نییە؛ ناوبراو کەمتر لە دوو مانگ دوای کاتی دەستبەسەرکرانی، بە تۆمەتی "بەغی" لە ڕێگەی گرووپی ئەنسارولفەرقان و "سیخوڕی بۆ ئیسرائیل" لەسێدارە دراوە.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە ٢٢ی بانەمەڕی ٢٧٢٦ (١٢ی مەیی ٢٠٢٦)، سزای سێدارەی عەبدولجەلیل شەبەخش بە شێوەیەکی نهێنی و بەبێ مافی دوایین چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی، لە بەندیخانەی ناوەندیی زاهیدان جێبەجێ کرا. لێکۆڵینەوە یاساییەکان نیشان دەدەن کە ڕەوتی دادگاییکردنی ئەم بەندکراوە کە تەنیا ٥٥ ڕۆژ دوای دەستبەسەرکرانی لەسێدارە دراوە، لە ناڕوونییەکی تەواودا و بە پێشێلکردنی ئاشکرای مافی دادگاییکردنی دادپەروەرانە و بێبەشکردن لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەری سەربەخۆ لە تەواوی قۆناغەکانی لێکۆڵینەوە و دادگاییکردندا تێپەڕیوە؛ پرسێک کە ڕەوایی یاسایی سزاکە بە جیدی دەخاتە ژێر پرسیارەوە.
ئاژانسی هەواڵی "میزان" سەر بە دەزگای دادوەریی ئێران، بە بڵاوکردنەوەی فەرمیی هەواڵی ئەم لەسێدارەدانە، تۆمەتی ناوبراوی بە "بەغی" لە ڕێگەی هێرشی چەکداری و ئەندامێتی لە گرووپی "ئەنسارولفەرقان" ڕاگەیاندووە. ئەم ئاژانسە هەروەها ڤیدیۆیەکی ١٦ چرکەیی لە دانپێدانانی زۆرەملێی عەبدولجەلیل شەبەخش بڵاو کردووەتەوە. ناوبراو لەو ڤیدیۆیەدا دەڵێت کە لە کاتی پێکدادانێکدا کە بووەتە هۆی کوژرانی "نێعمەتوڵڵا قەنبەرزیهی (شەبەخش)" لە گوندی چایئەحمەدی تەفتان، بەشدار بووە.
ئاژانسی هەواڵی حکوومەتیی "فارس"، پێشتر و لە ڕۆژی پێنجشەممە ٢٨ی ڕەشەممەی ١٤٠٤ (١٩ی مارسی ٢٠٢٦)، بە بڵاوکردنەوەی ڕاپۆرتێک هەواڵی کوژرانی نێعمەتوڵڵا قەنبەرزیهی کوڕی مووسا و دەستبەسەرکردنی ٤ هاوڕێی دیکەی ناوبراوی ڕاگەیاندبوو. ئەم ئاژانسە بانگەشەی کردبوو کە کەسە دەستبەسەرکراوەکان لە ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشی هێزی وشکانیی سوپای پاسداران، ئیدارەی ئیتلاعات و فەراجا بە تۆمەتی "سیخوڕی" و "هاوکاری لەگەڵ ئیسرائیل" دەستبەسەر کراون.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، وێڕای شەرمەزارکردنی توندی جێبەجێکردنی سزای سێدارەی عەبدولجەلیل شەبەخش تەنیا ٥٥ ڕۆژ دوای دەستبەسەرکرانی، جەخت دەکاتەوە کە پشت بەستن بە "دانپێدانانی زۆرەملێ" کە لە ژێر ئەشکەنجە و لە دەستبەسەرگە ئەمنییەکاندا تۆمار کراوە، بەدەرە لە هەر جۆرە ڕەواییەکی یاسایی. هەنگاو لەسێدارەدانی ئەم هاووڵاتییە بە نموونەی بەرچاوی "کوشتنی حکوومەتی" و پێشێلکردنی سیستماتیکی پەیماننامە نێودەوڵەتییەکانی مافی مەدەنی و سیاسی دەزانێت و خوازیاری کاردانەوەی جیدیی کۆمەڵگەی جیهانییە بەرامبەر بە شەپۆلی نوێی لەسێدارەدانە سیاسییەکان لە بەلووچستان.