دەستبەسەرکرانی ئەمیر یووسفی، هاووڵاتیی خەڵکی بۆکان و گواستنەوەی بۆ ئورمیە
هەنگاو؛ هەینی ٢٥ی بانەمەڕی ٢٧٢٦
ئەمیر یووسفی، هاووڵاتیی کورد و خەڵکی بۆکان، شەممەی ڕابردوو لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە لەو شارە دەستبەسەر کراوە و دوای یەک ڕۆژ بۆ دەستبەسەرگەی ئەو ناوەندە ئەمنییە لە ئورمیە گواستراوەتەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی شەممە ١٩ی بانەمەڕی ٢٧٢٦ (٩ی مەی ٢٠٢٦)، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات لە شاری بۆکان، هاووڵاتییەکی کوردیان بە ناوی ئەمیر یووسفی، دانیشتووی گوندی "سەلامەت" دەستبەسەر کردووە.
بە وتەی سەرچاوە ئاگادارەکان، ئەمیر یووسفی بێ نیشاندانی هیچ جۆرە بەڵگەیەکی دادوەری لەلایەن هێزە حکومەتییەکانەوە دەستبەسەر کراوە. ناوبراو دوای ڕاگرتنی بۆ ماوەی یەک ڕۆژ لە دەستبەسەرگەی بۆکان، بە مەبەستی لێپرسینەوەی زیاتر بۆ یەکێک لە دەستبەسەرگەكانی ئیدارەی ئیتلاعات لە ورمێ گواستراوەتەوە.
تا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، زانیارییەکی ورد لەسەر هۆکارەکانی دەستبەسەرکردن، ئەو تۆمەتانەی خراونەتە پاڵی و شوێنی وردی ڕاگرتنی ئەم هاووڵاتییە لە ئورمیە لەبەردەستدا نییە. هەروەها بەدواداچوونی بنەماڵەی یووسفی بۆ وەرگرتنی زانیاری لەسەر دۆخی تەندروستی و یاساییی کوڕەکەیان تا ئێستا بێ ئەنجام ماوەتەوە و ناوەندە حکومەتییەکان لە پێدانی وەڵامێکی ڕوون خۆیان دەپارێزن.