ڕاپۆرتێک لەسەر دەستبەسەرکرانی شەهرام پەسوپیش لەلایەن هێزە حکومەتییەکانەوە لە پیرانشار
هەنگاو؛ هەینی ٢٥ی بانەمەڕی ٢٧٢٦
دوای تێپەڕبوونی سێ ڕۆژ بەسەر دەستبەسەرکرانی شەهرام پەسوپیش، هاووڵاتیی کورد و خەڵکی پیرانشار، هێشتا هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووس، دۆخی تەندروستی و شوێنی ڕاگرتنی ناوبراو لەبەردەستدا نییە.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی چوارشەممە ٢٣ی بانەمەڕی ٢٧٢٦ (١٣ی مەی ٢٠٢٦)، هێزە حکومەتییەکان بە هێرشکردنە سەر ماڵی بنەماڵەی شەهرام پەسوپیش لە گوندی «چیانە»ی سەر بە پیرانشار، ناوبراویان بێ نیشاندانی هیچ جۆرە بەڵگەیەکی دادوەری دەستبەسەر کرد و بۆ شوێنێکی نادیار گواستیانەوە.
تا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، لەسەر هۆکارەکانی دەستبەسەرکردن و ئەو تۆمەتانەی خراونەتە پاڵ ئەم هاووڵاتییە هیچ زانیارییەک لەبەردەستدا نییە. بەدواداچوونی چەندین جارەی بنەماڵەکەی لە ناوەندە ئەمنییەکانی پیرانشار بۆ وەرگرتنی زانیاری لەسەر دۆخی ناوبراو تا ئێستا بێ ئەنجام ماوەتەوە.
شایانی باسە کە ڕۆژی شەممە ٥ی بانەمەڕی ٢٧٢٦، عێزەدین پەسوپیش، ئامۆزای شەهرام، لەلایەن هێزە حکومەتییەکانەوە دەستبەسەر کرابوو و بۆ یەکێک لە دەستبەسەرگەکانی ئورمیە گواسترابووەوە.