ڕاپۆرتێک لەسەر دەستبەسەرکردنی سەباح بێوارە لە پیرانشار
هەنگاو؛ شەممە ٢٦ی بانەمەڕی ٢٧٢٦
لە درێژەی شەپۆلی دەستبەسەرکردنی هاووڵاتییانی کورد لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، گەنجێکی تەمەن ٢٣ ساڵی خەڵکی پیرانشار بە ناوی سەباح بێوارە، لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە بە بەکارهێنانی توندوتیژیی دەستبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ئێوارەی پێنجشەممە ٢٤ی بانەمەڕی ٢٧٢٦ (١٤ی مەیی ٢٠٢٦)، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات بە هەڵکوتانە سەر ماڵی بنەماڵەیی سەباح بێوارە لە گوندی "کەڵەکین"ی سەر بە شاری پیرانشار، بەبێ نیشاندانی هیچ جۆرە بەڵگەیەکی یاسایی و بەبەکارهێنانی توندوتیژی ناوبراویان دەستبەسەر کردووە.
تا کاتی بڵاوکردنەوەی ئەم هەواڵە، زانیارییەکی ورد لەسەر هۆکاری دەستبەسەرکردن، شوێنی ڕاگرتن و ئەو تۆمەتانەی کە خراونەتەپاڵ سەباح بێوارە لەبەر دەستدا نییە و ناوەندە حکومییەکان لە پێدانی وەڵامێکی ڕوون لەم بابەتە بە خێزانەکەی خۆ دەبوێرن.