ئورمیە؛ دەستبەسەرکرانی فرووزان نەوجەوان، مامۆستای زمانی ئینگلیزی لەلایەن هێزە حکومەتییەکانەوە
هەنگاو؛ هەینی ٢٥ی بانەمەڕی ٢٧٢٦
فرووزان نەوجەوان، هاووڵاتیی کورد و خەڵکی ئورمیە، مامۆستای زمانی ئینگلیزی و بەرپرسی ئەکادیمیای زمانی «نەوجەوان» لەلایەن هێزە حکومەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی چوارشەممە ٢٣ی بانەمەڕی ٢٧٢٦ (١٣ی مەی ٢٠٢٦)، فرووزان ئیسلامی (نەوجەوان)، هاووڵاتیی خەڵکی ئورمیە و مامۆستای زمانی ئینگلیزی لەلایەن هێزە حکومەتییەکانەوە دەستبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە.
بە وتەی سەرچاوە ئاگادارەکان، دەستبەسەرکردنی ئەم هاووڵاتییە بێ نیشاندانی هیچ جۆرە بەڵگەیەکی دادوەری ئەنجام دراوە.
تا کاتی داڕشتنی ئەم ڕاپۆرتە، زانیارییەکی ورد لەسەر هۆکارەکانی دەستبەسەرکردن، ئەو تۆمەتانەی خراونەتە پاڵی و شوێنی ڕاگرتنی ئەم هاووڵاتییە کوردە لەبەردەستدا نییە.