مەشھەد؛ جەواد عەلیکوردی سزای ١٠ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپا
هەنگاو؛ شەممە ٢٦ی بانەمەڕی ٢٧٢٦
جەواد عەلیکوردی، هاووڵاتیی کورد و خەڵکی سەبزەوار و برای خەسرەو عەلیکوردی (پارێزەری دادوەریی کۆچکردوو)، لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای ١٠ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپا.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەم دواییانە جەواد عەلیکوردی لەلایەن یەکێک لە لقەکانی دادگای شۆڕشی مەشھەدەوە دادگاییکراوە و سزای ١٠ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپاوە. ئەم سزایە لە کاتێکدا دەرچووە کە ناوبراو هێشتا لە بەندیخانەی وەکێڵاوای مەشھەددا بەندکراوە و تا ئێستا زانیارییەکی ورد لەسەر ئەو تۆمەتانەی لە حوکمەکەدا هاتوون، لەبەردەستدا نییە.
جەواد عەلیکوردی ئێوارەی ٢١ی سەرماوەزی ٢٧٢٥، دوای بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆیەک لە ناڕەزایەتی بە دەستبەسەرکردنی بەربڵاوی بەشداربووانی ڕێوڕەسمی حەوتەمین ڕۆژی کۆچی دواییی براکەیدا دەستبەسەر کرا. ناوبراو لەو ڤیدیۆیەدا وێڕای خستنەژێر پرسیاری گێڕانەوەی فەرمیی حکومەت لەسەر مەرگی گوماناویی براکەی، ڕایگەیاندبوو کە بەڵگەی نهێنیی لەمبارەیەوە لەبەر دەستدایە.
خەسرەو عەلیکوردی، پارێزەری بەناوبانگی بنەماڵە دادخوازەکان، لە ڕێکەوتی ١٤ی سەرماوەزی ٢٧٢٥ بە شێوەیەکی گوماناوی لە نووسینگەی کارەکەیدا گیانی لەدەست دا. لە کاتێکدا ناوەندە حکومەتییەکان هۆکاری مردنەکەی بە «وەستانی دڵ» ڕاگەیاند، بنەماڵەی عەلیکوردی بە ئاماژەدان بە هەندێک بەڵگەی وەک خوێنبەربوونی نائاسایی، ئەم گێڕانەوەیەیان ڕەت کردەوە و داوای ڕوونکردنەوەیان کردبوو؛ بابەتێک کە بووە هۆی ڕووبەڕووبوونەوەی توندی ئەمنی لەگەڵ ئەندامانی ئەم بنەماڵەیە و دەستبەسەرکرانی جەواد عەلیکوردی.