دەستبەسەرکرانی ئەمیر سوبحانی هونەرمەندی خەڵکی جوانڕۆ و گواستنەوەی بۆ بەندیخانەی دێزڵاوای کرماشان

٣٠ بانەمەڕ ٢٧٢٦، ١١:٤٧

هەنگاو؛ چوارشەممە ٣٠ی بانەمەڕی ٢٧٢٦

ئەمیر سوبحانی، هونەرمەندی کورد و خەڵکی جوانڕۆ کە پێشتریش پێشینەی دەستبەسەرکرانی لەلایەن ناوەندە حکوومەتییەکانەوە هەیە، لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا جارێکی دیکە دەستبەسەر و بۆ بەندیخانەی دێزڵاوای کرماشان گواستراوەتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی دووشەممە ٢٨ی بانەمەڕی ٢٧٢٦ (١٨ی مەیی ٢٠٢٦)، ئەمیر سوبحانی هونەرمەندی خەڵکی شاری جوانڕۆ، لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە لەو شارەدا دەستبەسەر کرا و دوای ڕاگەیاندنی تۆمەتە سەرەتاییەکان، بۆ بەندیخانەی ناوەندیی کرماشان گوازرایەوە.

بەوتەی سەرچاوە ئاگادارەکان، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات بە هەڵکوتانە سەر ماڵی خێزانیی  ئەمیر سوبحانی لە شاری جوانڕۆ، بەبێ نیشاندانی چ جۆرە بەڵگەیەکی یاسایی ناوبراویان دەستبەسەر کردووە. ئەم هێزانە دوای پشکینینی ماڵی ئەو هونەرمندە،  بڕیاری ١٠ ڕؤژ دەستبەسەرکرانی کاتییان بۆ ناوبراو دەرکردووە و بۆ بەشی کەرەنتینەی بەندیخانەی ناوەندیی کرماشان (بەندیخانەی دێزڵاوا) ڕاگواستووە.

تا کاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە، لەسەر هۆکارەکانی دەستبەسەرکردن و ئەو تۆمەتانەی پاڵدراونەتە پاڵ ئەم هونەرمەندە کوردە، چ زانیارییەکی ورد لەبەر دەستدا نییە.

جێی ئاماژەیە کە، ئەمیر سوبحانی پێشتریش بەهۆی چالاکییە هونەری و کولتوورییەکانی خۆیەوە، لانی کەم دوو جار پێشینەی دەستبەسەرکرانی لەلایەن ناوەندە حکوومەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە هەبووە.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە