مەشهەد؛ بەردەوامیی دەستبەسەرکرانی جەواد عەلیکوردی پێنج مانگ دوای ئاشکراکردنی زانیاری لەسەر مردنی گوماناویی براکەی
هەنگاو؛ شەممە ١٢ی بانەمەڕی ٢٧٢٦
دوای تێپەڕبوونی نزیکەی پێنج مانگ بەسەر دەستبەسەرکرانی جەواد عەلیکوردی، هاووڵاتیی کورد و خەڵکی سەبزەوار و برای خەسرهوە عەلیکوردی (پارێزەری دادگا)، ناوبراو هێشتا لە بەندیخانەی وەکێڵئاوای مەشهەد لە دۆخێکی ناڕوونی و بێبەشبوون لە مافە یاساییەکانیدا ڕاگیراوە.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، جەواد عەلیکوردی لەم دواییانەدا بەبێ مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر، لە یەکێک لە لقەکانی دادگای شۆڕشی مەشهەد دادگایی کراوە. سەرەڕای بەڕێوەچوونی دانیشتنی دادگای سەرەتایی، ناوەندە دادوەرییەکان هێشتا ڕێگری لە دەرکردنی بڕیاری بارمتە بۆ ئازادیی کاتیی ناوبراو دەکەن.
جەواد عەلیکوردی ئێوارەی ڕۆژی هەینی ٢١ی سەرماوەزی ٢٧٢٥ (١٢ی دیسەمبەری ٢٠٢٥)، دوای ئەوەی بە بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆیەک ناڕەزایەتی بەرامبەر بە دەستبەسەرکردنی بەرفراوانی بەشداربوانی ڕێوڕەسمی حەفتەی براکەی دەربڕی، لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە دەستبەسەر کرا. ناوبراو لەو ڤیدیۆیەدا هۆشداریی دابوو کە ئەگەر دەستبەسەرکراوەکان ئازاد نەکرێن، دەست دەکات بە بڵاوکردنەوەی "دەقێکی نهێنی" سەبارەت بە مردنی گوماناویی براکەی.
خەسرهوە عەلیکوردی، پارێزەری دادگا و بەندکراوی سیاسیی پێشوو کە پارێزەریی زۆرێک لە بنەماڵە دادخوازەکانی لە ئەستۆ بوو، ئێوارەی ١٤ی سەرماوەزی ٢٧٢٥ بە شێوەیەکی گوماناوی لە دەفتەری کارەکەیدا گیانی لەدەست دا. لەکاتێکدا بەرپرسان هۆکاری مردنەکەیان بە جەڵتەی دڵ ڕاگەیاند، بەڵام هەبوونی نیشانەکانی وەک خوێنبەربوونی نائاسایی و ئەگەری برینداریی جەستەیی، گومانێکی جیدیی لەسەر گێڕانەوە فەرمییەکە دروست کردووە.