دەستبەسەرکردنی عەلی ئەسکەندەری لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە لە ئیلام
هەنگاو؛ شەممە ٢ی جۆزەردانی ٢٧٢٥
دوای تێپەڕبوونی دوو ڕۆژ بەسەر هەڵکوتانەسەر ماڵ و دەستبەسەرکردنی عەلی ئەسکەندەری، هاووڵاتیی کورد و خەڵکی ئیلام بە بەکارهێنانی توندوتیژی لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە، هێشتاش هیچ زانیارییەک سەبارەت بە چارەنووس، شوێنی ڕاگیران و دۆخی ئەم هاووڵاتییە لەبەر دەستدا نییە.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە رێخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی پێنجشەممە ٣١ی بانەمەڕی ٢٧٢٥، بەرانبەر بە ٢١ی مەی ٢٠٢٦، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامیی ئێران هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی بنەماڵەی عەلی ئەسکەندەری، هاووڵاتیی ٤١ ساڵە لە شاری ئیلام و بەبێ پێشکەشکردنی هیچ جۆرە بەڵگەیەکی دادوەری یان مۆڵەتی یاسایی، ناوبراویان بە بەکارهێنانی توندوتیژی دەستبەسەر کردووە و بۆ شوێنێکی نادیار گواستۆتەوە.
تا کاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە، ناوەندە دادوەری و دەزگا ئەمنییەکانی ئیلام لە پێدانی هەر وەڵامێکی ڕوون بە بنەماڵەی ئەسکەندەری سەبارەت بە هۆکارەکانی دەستبەسەرکردن و ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ ئەم هاووڵاتییە خۆیان بواردووە.