بەردەوامیی دەستبەسەرکران و نادیاربوونی چارەنووسی ئەستی محەممەدی، دایکی کەوسەر فەتاحی لە ئەندامانی کادری ڕێبەریی کۆمەڵە

٤ جۆزەردان ٢٧٢٦، ١١:١٣

هەنگاو؛ دووشەممە ٤ی جۆزەردانی ٢٧٢٥

دوای تێپەڕبوونی دوو حەوتوو بەسەر دەستبەسەرکردنی ئەستی محەممەدی، هاووڵاتیی ٦٧ ساڵەی کورد و خەڵکی بۆکان هیچ زانیارییەک سەبارەت بە چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانی ناوبراو لەبەر دەستدا نییە. ئەم چالاکە سیاسییەی پێشوو بە دەست چەند نەخۆشییەک دەناڵێنێت و بەردەوامیی بێسەروشوێنی و نادیاربوونی چارەنووسی کەسوکاری ناوبراوی تووشی نیگەرانییەکی قووڵ کردووە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە دەست ڕیخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ئێوارەی دووشەممە ٢١ی بانەمەڕێ ٢٧٢٥ (١١ی مەی ٢٠٢٦)، لانی کەم ١٥ ئۆتۆمبێلی زرێپۆش و ئۆپەراسیۆنیی هێزە حکوومەتییەکان بە گەمارۆدانی تەواوی ماڵی بنەماڵەی ئەستی محەممەدی لە شاری بۆکان و بە دروستکردنی کەشێکی ترس و دڵەڕاوکێ ناوبراویان دەستبەسەر کردووە. هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات دوای هەڵکوتانە سەر ماڵەکە، جگە لە پشکنینی تەواوی ماڵ و دەستبەسەرداگرتنی کەلوپەلی تاکەکەسیەکانی خاتوو محەممەدی لەوانە ئەلبوومی وێنە و کتێبەکان ، دەستیان بەسەر مۆبایل و لاپتۆپی هاوژین و کوڕی ناوبراویشدا گرتووە.

جێگەی ئاماژەیە کە، ئەستی محەممەدی، دایکی کەوسەر فەتاحی، لە ئەندامانی کادری ڕێبەریی حیزبی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران و هەروەها کاوە فەتاحی، چالاکی سیاسیی دانیشتووی ئەورووپایە. هێرشی بەرفراوان و هاوئاهەنگی ناوەندە ئەمنییەکان بە مەبەستی دەستبەسەرکردنی دایکێکی ٦٧ ساڵە، نیشاندەری ستراتیژیی گوشاری سیستماتیکە بۆ سەر بنەماڵەی چالاکانی سیاسی و کادرە باڵاکانی حیزبە ئۆپۆزسیۆنەکانی کوردستان لە ڕێگەی بارمتەگرتنی ئەندامانی بنەماڵەکانیان لە ناوخۆی وڵاتدا.

هەنگاو ئاگادار کراوەتەوە کە، ئەستی محەممەدی دوای دەستبەسەرکردن بۆ یەکێک لە دەستبەسەرگە حکوومەتییەکانی ئورمیە گواستراوەتەوە و دوای تێپەڕبوونی دوو هەفتە، هێشتاش هیچ زانیارییەک سەبارەت بە شوێنی ڕاگیرانی ناوبراو لەبەردەستدا نییە و لەم ماوەیەدا تەنیا یەک پەیوەندیی تەلەفۆنیی ٣٠ چرکەیی هەبووە.

بە لەبەرچاوگرتنی تەمەنی زۆری ئەستی محەممەدی و پێویستیی بەردەوامی ناوبراو بە بەکارهێنانی ڕۆژانە و ڕێکوپێکی دەرمانەکانی، بێبەشکردنی تەواوی ناوبراو لە چاودێریی پزیشکی لە ژوورە تاکەکەسییەکاندا، گیان و تەندروستیی جەستەیی ناوبراوی ڕووبەڕووی مەترسییەکی جددی کردووەتەوە. ئەم هاووڵاتییە لە نەخۆشیی دڵ و هەروەها زەختی خوێن دەناڵێنێت.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە