بۆکان؛ ده‌ستبه‌سه‌رکردن و نادیاربوونی چاره‌نووسی پێژمان حاجی‌زاده
هه‌نگاو؛ چوارشه‌ممه ٦ی جۆزه‌ردانی ٢٧٢٦
دوای تێپه‌ڕبوونی زیاتر له دوو حەوتوو به‌سه‌ر ده‌ستبه‌سه‌رکردنی پێژمان حاجی‌زاده، هاووڵاتیی کورد و خه‌ڵکی بۆکان له‌لایه‌ن هێزه‌کانی ئیداره‌ی ئیتیلاعاتی کۆماری ئیسلامیی ئێرانه‌وه، هێشتا زانیارییه‌کی ورد سه‌باره‌ت به چاره‌نووس و دۆخی یاسایی ناوبراو له‌به‌رده‌ستدا نییه و لەم ماوەیەدا لە مافە بنەڕەتییەکانی خۆی بێبەش کراوە.
به‌پێی ڕاپۆرتی گه‌یشتوو به ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هه‌نگاو، ئێواره‌ی سێشه‌ممه ٢٢ی بانه‌مه‌ڕی ٢٧٢٦ (١٢ی مه‌ی ٢٠٢٦)، هێزه‌کانی ئیداره‌ی ئیتیلاعات بەبێ هەبوونی هیچ جۆرە بەڵگەیەکی دادوەری یان مۆڵەتی یاسایی، هه‌ڵیانکوتاوه‌ته سه‌ر ماڵی پێژمان حاجی‌زاده لە شاری بۆکان و دەسبەسەریان کردووە. هێزەکانی ئیدارەی ئیتیلاعات لە کاتی دەستبەسەرکردنی ئەم هاوڵاتییەدا، جگه لە پشکنینی تەواوی ماڵەکە، دەستیان بەسەر هەندێک لە کەلوپەلی تاکەکەسییەکانی ناوبراویشدا گرتووە و لەگەڵ خۆیان بردوویانە.
پێژمان حاجی‌زاده، خێزاندار و باوکی دوو منداڵە و پیشەی کابینت‌سازییە. ناوبراو دوای ده‌ستبه‌سه‌رکردن لە بۆکان، به مه‌به‌ستی لێپرسینەوە بۆ یه‌کێک له ده‌ستبه‌سه‌رگه‌کانی ئیداره‌ی ئیتیلاعات لە شاری ئورمیە گواستراوەتەوە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم هاووڵاتییە کوردە لە کاتی دەستبەسەرکرانییەوە تەنیا توانیویەتی پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی کورت لەگەڵ بنەماڵەکەیدا بگرێت و بەهۆی چاودێریی توند، نەیتوانیوە هیچ وردەکارییەک سەبارەت بەو تۆمەتانەی خراونەتە پاڵی و بارودۆخی ڕاگرتنی بخاتە ڕوو. بەدواداچوونی بەردەوامی بنەماڵەکەی بۆ بنکەکانی دادوەری و ئەمنیی بۆکان و ئورمیە تا ئێستا بێ ئەنجام ماوەتەوە و ناوەندە بەرپرسەکان لە پێدانی وەڵامێکی ڕوون سەبارەت بە چاره‌نووسی ناوبراو، خۆیان پاراستووە.