ڕاپۆرتی تایبەتی هەنگاو لەسەر جێبەجێکردنی نهێنیی سزای سێدارەی نەجیب ئازەرم پێش بەڕێوەچوونی دانیشتنی دادگا

هەنگاو؛ پێنجشەممە ۲۰ی خەرمانانی ۲۷۲۵
بە پێی هەندێک بەڵگە کە لەم دواییانەدا بە هەنگاو گەیشتوون، سزای سێدارەی نەجیب ئازەرم، بەندکراوی کوردی خەڵکی ئورمیە لەحاڵێکدا جێبەجێ کراوە کە دۆسیەکەی ناوبرابوو، پێش بەڕێوەچوونی دادگاکەی بەشێوەی نهێنی و بەبێ ئاگاداریی پێشوەختی بنەماڵەکەی لە بەندیخانەی ناوەندیی تەورێز لەسێدارە دراوە. دانیشتنی دادگای ناوبراو پێشتر بۆ ڕێکەوتی ۱۲ی خەزەڵوەری ۲۷۲۵ (۳ی نۆڤەمبەری ۲۰۲۵) دیاری کرابوو.
بە پێی بەڵگەکان، جێبەجێکردنی سزای سێدارەی نەجیب ئازەرم، خەڵکی گوندی کەلانکانی تەڕگەوەڕی ئورمیە لەحاڵێکدا جێبەجێ کراوە کە دۆسیەکەی نەبەسترابوو و لێکۆڵینەوەی دادوەری و چەند حاڵەتی گوماناوی لەسەر دۆسیەکەی بەردەوام مابوونەوە. ئەو کردەوە نیشاندەری جێبەجێکردنی سزای سێدارە پێش کۆتایی ھاتنی پرۆسەی دادگاییکردنی یاسایی و پێشێلکردنی مافی دادوەریی بەندکراوە.
بە پێی زانیارییە تۆمارکراوەکان لە ماڵپەڕی دادوەریی «سەنا» لەسەر دۆسیەی ئەو بەندکراوە، فەرمانی دادوەری لەسەر جێبەجێکردنی یاسای چاودێری لە ڕێکەوتی ۲۱ی پووشپەڕی ۲۷۲۵ (۱۲ی جولای ۲۰۲۵) درابوو. لە هەمان ڕێکەوتدا «لێکۆڵینەوەی وردی دۆسیەکە بە لەبەرچاوگرتنی تەواونەبوونی خاڵە گوماناوییەکان» بۆ ڕێکەوتی ۱۲ی خەزەڵوەری ۲۷۲۵ (۳ی نۆڤەمبەری ۲۰۲۵) دیاری کرابوو. سەرەڕای تەواوی ئەوانە سزای سێدارەی نەجیب ئازەرم پێش بەڕێوەچوونی دادگاکەی و بەشێوەی نهێنی جێبەجێ کرا.
سزای سێدارەی نەجیب ئازەرم لەگەڵ چوار بەندکراوی کوردی دیکە بەرەبەیانیی ڕۆژی یەکشەممە ۱۶ی خەرمانانی ۲۷۲۵ (۷ی سێپتەمبەری ۲۰۲۵)، بەشێوەی نهێنی و بەبێ مافی دوایین چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکانیان لە بەندیخانەی ناوەندیی تەورێز جێبەجێ کرا.
نەجیب ئازەرم پێشتر بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکانەوە دەستبەسەر کرابوو.
ئەو کردەوە بە ڕوونی پێشێلکردنی مافە دادوەری و بنەماکانی دادگاییکردنی دادپەروەرانە بە ئەژمار دێت. جێبەجێکردنی سزای سێدارە پێش بەڕێوەچوونی دادگا و بەبێ کۆتاییهاتنی ڕەوتی ڕاگەیشتنی دادوەری، نیشانەی وەرگرتنی مافی داکۆکی و لەنێوبردنی مافە سەرەکییەکانی تۆمەتبارە.