جێبەجێکرانی سزای سێدارەی ٢٥ بەندکراوی کورد لە ماوەی ١٨ ڕۆژدا لە بەندیخانەکانی ئێران

٣٠ بانەمەڕ ٢٧٢٤، ١١:٠٧

هەنگاو؛ یەکشەممە ٣٠ی بانەمەڕی ٢٧٢٤

لە ماوەی نزیک بە سێ حەفتە (ماوەی ١٨ ڕۆژ) کە لە مانگی مەی ٢٠٢٤ تێپەڕ بووە، لانی کەم سزای سێدارەی ٢٥ بەندکراوی کورد لە بەندیخانەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا جێبەجێ کراوە و ژمارەی بەندکراوانی کورد کە لە سەرەتای ساڵی نوێی زایینییەوە لە سێدارە دراون گەیشتووەتە ٧٢ کەس واتا ۳۱٪ی سەرجەم لە سێدارەدراوەکانی ئێران.

بەپشتبەستن بە ئامارە تۆمارکراوەکان لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی ١٨ ڕۆژی ڕابردوو لە مانگی مەی (١ی مەی تا ١٨ی مەی)، لانی کەم سزای سێدارەی ٢٥ هاووڵاتیی کورد لە بەندیخانە جیاوازەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا جێبەجێ کراوە.

بە هەژمارکردنی ئەو حاڵەتانە ژمارەی بەندکراوانی کورد کە لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٤ەوە لە بەندیخانەکانی ئێراندا لە سێدارە دراون گەیشتووەتە ٧٢ کەس کە بەرانبەر بە ۳۱٪ی سەرجەم ئەو بەندکراوانەیە کە لە سەرەتای ئەمساڵەوە لە ئێران لە سێدارە دراون. ژمارەی بەندکراوانی لە سێدارەدراو لە تەواوی ئێران ٢٣٣ کەس بووە.

لە سەرجەم ٢٥ بەندکراو کە لە ١٨ ڕۆژی ڕابردوودا لە سێدارە دراون ٢ کەس بە تۆمەتی چالاکی مەزهەبی، ٥ کەس بە تۆمەی کوشتنی بە ئەنقەست و ١٨ کەس بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکانەوە دەستبەسەر کرابوون و لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرابوو.

زیاترین بەندکراوانی کورد لە ماوەی ١٨ ڕۆژی ڕابردوودا، لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە (بەندیخانەی دەریا) لە سێدارە دراون کە ٩ کەس بوون و دواتر زیاترین ئامار لە بەندیخانەی قزڵحیساری کەرەج بە ٧ حاڵەتەوە تۆمار کراوە. هەروەها لە هەر یەک لە بەندیخانەکانی کرماشان، ئیلام و سەڵماس ٢ حاڵەت و لە هەر یەک لە بەندیخانەکانی میاندواو، شیراز و ئیسفەهان یەک حاڵەتی لە سێدارەدرانی بەندکراوانی کورد تۆمار کراوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە