سەقز؛ ڕاپۆرتێک لەسەر دوایین زانیاری لەسەر دۆخی چوار کەس لە دەستبەسەرکراوانی خۆپیشاندانەکانی مانگی بەفرانبار

٨ جۆزەردان ٢٧٢٦، ١٢:٥٥

هەنگاو؛ هەینی ٨ی جۆزەردانی ٢٧٢٦

چوار هاووڵاتیی کورد و خەڵکی سەقز و لە دەستبەسەرکراوانی خۆپیشاندانەکانی مانگی بەفرانباری ساڵی ڕابردوو، لەوانە منداڵێک بە ناوەکانی ئاراس عەزیزی تەمەن ١٧ ساڵ، هەژیر شەهنازی ئیلوو، ئارتین کەڵهوڕ و ئاریان عوسمانی (وەرزشوان لە ڕشتەی کیک‌بۆکسێن و پاڵەوان لە ئاستی پارێزگا)، هێشتا بە شێوەیەکی نادیار و بێسەروشوێن لە بەندیخانەی ئەم شارەدا ڕاگیراون. بەپێی ئەو بەڵگانەی گەیشتوونەتە دەست هەنگاو، ئەم چوار کەسە ڕووبەڕووی تۆمەتی قورسی ئەمنی کراونەتەوە و داوای توندترین سزا (اشد مجازات) بۆیان کراوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ئاراس عەزیزی منداڵی تەمەن ١٧ ساڵ، هەژیر شەهنازی ئیلوو، ئارتین کەڵهوڕ و ئاریان عوسمانی، کە لە خۆپیشاندانەکانی مانگی بەفرانباری ٢٧٢٥ لە سەقز دەستبەسەر و بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئەم شارە گوازرابوونەوە؛ ئاراس عەزیزی و ئاریان عوسمانی لە ڕۆژانی ڕابردوودا بە دانانی بارمتەی قورس و بە شێوەیەکی کاتی ئازاد کراون، بەڵام ئارتین کەڵهوڕ و هەژیر شەهنازی ئیلوو هێشتا لەو بەندیخانەیەدا ڕاگیراون. شایانی باسە کە هەموو ئەم کەسانە بە پاڵدانی تۆمەتگەلی ئەمنی، لە ژێر مەترسیی دەرچوونی سزای قورسدان.

بەپێی ئەو بەڵگانەی گەیشتوونەتە دەست هەنگاو، ئاراس عەزیزی، منداڵی تەمەن ١٧ ساڵ، بە «تێکدانی تەناهیی وڵات»، «هەوڵدان دژ بە ئاسایشی نەتەوەیی» و «هاوکاری لەگەڵ کەسانی سەر بە ڕژێمی زایۆنیستی لە ڕێگەی دروستکردنی کۆکتێل مۆلۆتۆف بە مەبەستی دروستکردنی ئاژاوە» تۆمەتبار کراوە.

هەنگاو زانیویەتی کە، ئەم منداڵە تەمەن ١٧ ساڵە لە ژێر فشاری ناوەندە حکوومەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا ناچار بە دانپێدانانی زۆرەملێ دژ بە خۆی کراوە.

بەپێی ئەم بەڵگانە، هەژیر شەهنازی ئیلوو "بەهۆی دروستکردنی قەیرانی ئەمنی لە ڕێگەی دروستکردنی کۆکتێل بە شێوەیەکی ئاگامەندانە و لە پێناو ئامانجەکانی حیزبی پاک 'پارتی ئازادیی کوردستان' (بە ئیدیعای پەیوەندیی ڕاستەوخۆی ئەم حیزبە لەگەڵ موساد) و بە ڕێنمایی یەکێک لە ئەندامانی ئەم حیزبە، ناسراوە و داوای توندترین سزا (اشد مجازات) بۆ ناوبراو کراوە."

پاڵدانی ئەم تۆمەتانە کە لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی سەقزەوە ئەنجام دراوە، لەم بارودۆخە هەستیارەی ئێستادا بووەتە هۆی زیادبوونی نیگەرانییەکان لەسەر چارەنووس و ڕەوتی دۆسیەی ئەم کەسانە و مەترسیی دەرچوونی سزای قورس بۆیان.

ڕۆژی چوارشەممە ١ی ڕێبەندانی ١٤٠٤ (٢٠٢٦)، ئاریان عوسمانی و هەژیر شەهنازی، خەڵکی شاری ساحێبی سەر بە شارستانی سەقز، لەگەڵ هاووڵاتییەکی دیکە بە ناوی حامید دەلاوەری خەڵکی سەقز، لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە دەستبەسەر کرابوون.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە