پیرانشار؛ دەستبەسەرکرانی توندوتیژانەی مانی عەبدوڵڵازادە لەلایەن هێزە حکومەتییەکانەوە
هەنگاو؛ یەکشەممە ١٣ی بانەمەڕی ٢٧٢٦
هێزە حکومەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە هێرشکردنە سەر گوندی «دەربکە»ی سەر بە شاری پیرانشار، گەنجێکی کوردیان بە ناوی مانی عەبدوڵڵازادە دەستبەسەر کرد و بۆ شوێنێکی نادیاریان گواستەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی شەممە ١٢ی بانەمەڕی ٢٧٢٦ (٢ی مەی ٢٠٢٦)، هێزە حکومەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە بێ نیشاندانی هیچ جۆرە بەڵگەیەکی دادوەری، هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی باوک و دایکی مانی عەبدوڵڵازادە و بە شێوەیەکی توندوتیژانە دەستبەسەریان کردووە.
تا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، زانیارییەکی ورد لەسەر هۆکارەکانی دەستبەسەرکردن، ئەو تۆمەتانەی خراونەتە پاڵی و شوێنی ڕاگرتنی ئەم هاووڵاتییە لەبەردەستدا نییەو هەروەها بەدواداچوونی بنەماڵەی عەبدوڵڵازادە بۆ وەرگرتنی زانیاری لەسەر چارەنووسی کوڕەکەیان تا ئێستا بێ ئەنجام ماوەتەوە.