پیرانشار؛ دەستبەسەرکرانی عەبدوڵڵا نەبیزادە بە بەکارھێنانی توندوتیژی لە لایەن هێزە حکومەتییەکانەوە
هەنگاو؛ دووشەممە ۱۴ی بانەمەڕی ۲۷۲۶
هاووڵاتییەکی کورد بەناوی عەبدوڵڵا نەبیزادە لە ئەنجامی هێرشی هێزە حکومەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ سەر گوندی «چیانە»ی سەر بە شاری پیرانشار، دەستبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، کاتژمێر ۵ی بەرەبەیانیی ڕۆژی دووشەممە ۱۴ی بانەمەڕی ۲۷۲۶ (۴ی مەی ۲۰۲۶)، هێزە حکومەتییەکان بەبێ نیشاندانی هیچ جۆرە بەڵگەیەکی دادوەری هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی عەبدوڵڵا نەبیزادە و ئەو هاووڵاتییەیان بە بەکارھێنانی توندوتیژییەوە دەستبەسەر کردووە.
هەتا کاتی داڕشتنی ئەم ڕاپۆرتە، زانیارییەکی ورد لەسەر هۆکارەکانی دەستبەسەرکران، ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ ئەو هاووڵاتییە کوردە و شوێنی ڕاگرتنی ناوبراو لەبەر دەستدا نییە.
هەروەها شایەنی باسە کە، بەدواداچوونەکانی بنەماڵەی نەبیزادە بە مەبەستی ئاگادار بوونەوە لە چارەنووس و بارودۆخی تەندروستیی ناوبراو تا ئێستا بێ ئاکام ماوەتەوە.