کامێران؛ دەستبەسەرکردنی عیسا فەیزی، بەندکراوی سیاسیی پێشوو لە کاتی بەدواداچوون بۆ چارەنووسی هاوژین و برای هاوژینەکەی

١٧ جۆزەردان ٢٧٢٦، ١٢:٠٤

هەنگاو؛ یەکشەممە ١٧ی جۆزەردانی ٢٧٢٦

لە بەردەوامیی شەپۆلی نوێی فشارە ئەمنییەکان بۆ سەر بنەماڵە دادخوازەکان لە کامێران،  عیسا فەیزی، چالاکی مەدەنی و بەندکراوی سیاسیی پێشووی کورد دوای سەردانیکردنی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەم شارە دەستبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەیانیی دوێنێ شەممە ١٦ی جۆزەردانی ٢٧٢٦ (٦ی حوزەیرانی ٢٠٢٦)، عیسا فەیزی، چالاکی مەدەنی و بەندکراوی سیاسیی پێشووی کورد کە بەمەبەستی بەدواداچوونی چارەنووسی هاوژینەکەی بەناوی کەژاڵ ڕەحمانی و ژن براکەی بەناوی دانیال ڕەحمانی  سەردانی ئیدارەی ئیتلاعاتی کامێرانی کردبوو، لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کراوە.

شایانی باسە کە چەند کاتژمێر پێش دەستبەسەرکردنی ناوبراو،  هەر یەک لە کەژاڵ ڕەحمانی و دانیال ڕەحمانی لە ماڵەکانی خۆیاندا لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە بە بەکارهێنانی توندوتیژی دەستبەسەر کرابوون و هاوکاتیش ئەم هێزانە دەستیان بەسەر مۆبایلی عیسا فەیزی‌دا گرتبوو.

جێی ئاماژەیە عیسا فەیزی کە یەکێک لە ئەندامانی پێشووی لقی کوردستانی حیزبی وەحدەتی میللی بووە، کە ٨ ساڵ پێش لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە دەستبەسەر کرابوو و دوای پێنج مانگ بە بارمتە ئازاد کرابوو. لە پێوەندی لەگەڵ ئەم دۆسیەیەدا، ناوبراو دواتر لەلایەن دادگای شۆڕشی سنەوە بە تۆمەتی "هەوڵدان دژ بە ئاسایشی نەتەوەیی" سزای ٦ ساڵ بەندکردنی هەڵپەسێردراوی بەسەردا سەپابوو.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە