بۆکان؛ ڕەسوول یادیار هاووڵاتیی کورد سزای ٩ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپا
هەنگاو؛ دووشەممە ١٨ی جۆزەردانی ٢٧٢٦
ڕەسوول یادیار، هاووڵاتیی کورد و خەڵکی شاری بۆکان کە پێشتر کە پێشتر بۆ ماوەی پێنج مانگ دەستبەسەر و ئەشکەنجەکرابوو، لەلایەن دادگای شۆڕشی ئەم شارەوە سزای ٩ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپا. ناوبراو لە ماوەی ڕابردوودا بە بارمتەی ٦ میلیارد تمەنی بە شێوەی کاتی لە بەندیخانە ئازاد کرابوو.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی ڕابردوودا ڕەسوول یادیار هاووڵاتیی خەڵکی بۆکان لەلایەن لقی ٢ی دادگای شۆڕشی بۆکان بە سەرۆکایەتیی دادوەر مەهدی فەخری بە تۆمەتی «ئەندامێتی لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران» و «پروپاگەندە دژی نیزام» سەرجەم سزای ٩ ساڵ بەندکرانی و دوو ساڵ بێبەشبوون لە چوونەدەرەوەی وڵاتی بەسەردا سەپا. ئەم سزایە سەرەتایییە و لە ماوەی یاساییی دیاریکراودا بەرگریی لێ دەکرێت و داوای پێداچوونەوەی بۆ دەکرێت لە قۆناغی پێداچوونەوەدا.
ڕەسوول یادیار ڕۆژی سێشەممە ٢٥ی بەفرانباری ٢٧٢٥ (١٦ی دیسەمبەری ٢٠٢٥) بە فەرمانی لێپرسەری لقی ٢ی دادسەرای گشتی و شۆڕشی بۆکان، لە شوێنی کارەکەی (دوکانێکی نانەوایی) دەستبەسەر کرا. لە هەمان ڕۆژدا، ئۆتۆمبێل و کەلوپەلی تایبەتیی ناوبراویش لەلایەن کاربەدەستانی ئەمنییەوە دەستی بەسەردا گیرا. ئۆتۆمبێلی تایبەتیی ناوبراو کە لە حەوشەی ئیدارەی ئیتلاعاتی بۆکان دەستی بەسەردا گیرابوو، دواتر لە کاتی هێرشی فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئەم بنکە ئەمنییە بە تەواوی تێکشکا، بەڵام ناوەندە پەیوەندیدارەکان لە پێدانی قەرەبوو بە بنەماڵەکەی خۆیان بواردووە.
بەپێی ڕاپۆرتە پێشووەکانی هەنگاو، ڕەسوول یادیار زیاتر لە ٤ مانگ بەبێ دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر، مافی چاوپێکەوتن و پەیوەندی لەگەڵ بنەماڵە لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعات و بەندیخانەی ناوەندیی بۆکان ڕاگیرابوو. ناوبراو لە ماوەی لێپرسینەوەدا کەوتە ژێر ئەشکەنجەی دڕندانە؛ بە شێوەیەک کە چەند ددانی شکا و لە بەشی دەست، لووت و شەویلکە تووشی برینداریی سەخت بوو. سەرباری خراپیی دۆخی و کەوتنە مەترسییەوەی گیانی، کاربەدەستانی ئەمنی و دادستانی بۆکان (عەلی زاهیدی) بە بەربەستکردنی بەئەنقەست ڕێگرییان لە دانانی بارمتە و تەواوکردنی قۆناغەکانی چارەسەریی ناوبراو دەکرد.
ئەم هاووڵاتییە لە کۆتاییدا پاش چەندین مانگ هەڵپەسێردران و ئەشکەنجە، لە ڕێکەوتی شەممە ٢ی جۆزەردانی ٢٧٢٦، بە دانانی بارمتەی قورسی ٦ میلیارد تمەنی بە شێوەی کاتی و تا کۆتایی قۆناغەکانی دادگاییکردن ئازاد کرا. ڕەسوول یادیار، خێزاندار، خەڵکی گوندی «گۆکتەپە»ی بۆکان و دانیشتووی گوندی «ناچیت»ی ئەم شارەیە.
گوشارە ئەمنییەکان لەسەر ئەم بنەماڵەیە تەنیا لە ڕەسوولدا سنووردار نەبووە؛ سێ برای ناوبراو بە ناوەکانی ناسر یادیار (٣٨ ساڵە)، مووسا یادیار (٢٦ ساڵە) و حەمزە یادیار ٢٥ ساڵە)ش لە ئێوارەی ٢٢ی ڕێبەندانی ٢٧٢٥ لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کران. ئەم سێ برایە دوای دوو مانگ دەستبەسەری، لە ڕێکەوتی ٢٣ی خاکەلێوەی ٢٧٢٦ بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوون.