سەقز؛ درێژکردنەوەی بڕیاری دەستبەسەرکردنی عەبدوڵڵا مەهجوور و سالار ئازەر و بەردەوامیی ناڕوونیی چارەنووسیان
هەنگاو؛ پێنجشەممە ٢١ی جۆزەردانی ٢٧٢٦
عەبدوڵڵا مەهجوور و سالار ئازەر، دوو هاووڵاتیی کورد و خەڵکی سەقز دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە سێ مانگ بەسەر کاتی دەستبەسەرکرانیانەوە، هێشتا هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسیان لەبەردەستدا نییە و ئەم پرسە بووەتە هۆی نیگەرانیی جددی لەسەر دۆخی تەندروستی و بارودۆخی ڕاگرتنیان.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، سالار ئازەر تەمەن ٣٦ ساڵ و عەبدوڵڵا مەهجوور تەمەن ٥٩ ساڵ، هەردووکیان خەڵکی سەقز، ٩٥ ڕۆژی ڕابردوویان لە بارودۆخێکی تەواو نادیار لە دەستبەسەرگەدا تێپەڕاندووە.
هەنگاو ئاگادار بووەتەوە، ئەم دوو هاووڵاتییە دوای ڕۆژانێک ڕاگرتن لە دەستبەسەرگەکانی سنە بۆ یەکێک لە دەستبەسەرگە ئەمنییەکانی سەقز گواستراونەتەوە؛ سەرباری ئەمەش تا ئێستا لە چاوپێکەوتن و پەیوەندیکردن لەگەڵ بنەماڵە بێبەش کراون.
بنەماڵەکانی عەبدوڵڵا مەهجوور و سالار ئازەر چەندین جار سەردانی ناوەندە حکومەتییەکانیان لە شارەکانی سنە و سەقز کردووە بەڵام ئەم ناوەندانە هێشتا لە پێدانی هەر جۆرە وڵامێک خۆیان دەبوێرن.
پێشتر هەنگاو ڕایگەیاندبوو کە عەبدوڵڵا مەهجوور بەدەست نەخۆشیی بنەڕەتی و هەروەها کەمئەندامییەوە دەناڵێنێت و پێشتریش لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراوە و ئەشکەنجە دراوە.
عەبدوڵڵا مەهجوور و سالار ئازەر کە ئامۆزای یەکن، ڕۆژی یەکشەممە ١٧ی ڕەشەمەی ٢٧٢٥ (٨ی مارسی ٢٠٢٦)، دوای چوونەدەرەوە لە ماڵ لە سەقز لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سپای پاسدارانەوە دەستبەسەر کراون. هێزە حکومەتییەکان دەستیان بەسەر مۆبایلەکانی ئەم دوو هاووڵاتییەدا گرتووە و دوای دەستبەسەرکران وڵامی ژمارەیەک لە پەیوەندییەکانیان داوەتەوە.