بۆکان؛ دەستبەسەرکرانی مەنسوور قادرزادە لەلایەن هێزە حکومەتییەکانەوە لە بۆکان

٢١ جۆزەردان ٢٧٢٦، ١٤:٣١

هەنگاو؛ پێنجشەممە ٢١ی جۆزەردانی ٢٧٢٦

هاووڵاتییەکی خەڵکی مەهاباد و دانیشتووی بۆکان بە ناوی مەنسوور قادرزادە لەلایەن هێزە حکومەتییەکانەوە دەستبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی چوارشەممە ٢٠ی جۆزەردانی ٢٧٢٦ (١٠ی ژوئەنی ٢٠٢٦)، هاووڵاتییەک بە ناوی مەنسوور قادر‌زادە، تەمەن ٤٣ ساڵ و دانیشتووی شاری بۆکان، لە ئەنجامی هێرشی هێزە حکومەتییەکان دەستبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە.

بە وتەی چەندین سەرچاوەی ئاگادار، هێزە حکومەتییەکان بەبێ نیشاندانی هیچ جۆرە بەڵگەیەکی دادوەری، مۆڵەتی یاسایی یان ڕێوشوێنی یاسایی، ئەم هاووڵاتییەیان لە شوێنی نیشتەجێبوونی دەستبەسەرکردووە.

جێگەی ئاماژەیە کە مەنسوور قادرزادە خەڵکی گوندی «قاڵوی زیندان» سەر بە شاری مەهاباد و دانیشتووی ناوچەی «میراوا» لە بۆکانە.

تا کاتی ئامادەکردن و بڵاوکردنەوەی ئەم ڕاپۆرتە، لەسەر هۆکارەکانی دەستبەسەرکران، ناوەندی دەستبەسەرکەر، تۆمەتە پاڵدراوەکان دژی ئەم هاووڵاتییە و هەروەها دۆخی تەندروستی و شوێنی ڕاگرتنی ناوبراو، هیچ جۆرە زانیارییەکی باوەڕپێکراو لەبەردەستدا نییە.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە