بەندیخانەی شیبانی ئەهواز؛ پەسەندکرانی سزای بەندکرانی سەعید کوردپوور لە دەستبەسەرکراوانی ناڕەزایەتییەکانی بەفرانبار
هەنگاو؛ دووشەممە ٢٥ی جۆزەردانی ٢٧٢٦
سزای بەندکرانی سەعید کوردپوور، هاووڵاتیی کورد و خەڵکی قەڵاتەل سەر بە پارێزگای خووزستان و بەندکراو لە بەندیخانەی ناوەندیی ئەهواز لەلایەن دادگای پێداچوونەوەی ئەهوازەوە پەسەند کرا. ئەم هاووڵاتییە پێشتر سزای سێ ساڵ و شەش مانگ و یەک ڕۆژ بەندکرانی بەسەردا سەپابوو.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، سزای سێ ساڵ و شەش مانگ و یەک ڕۆژ بەندکرانی سەعید کوردپوور، بەندکراوی تەمەن ٢٩ ساڵی خەڵکی شاری قەڵاتەل، لەلایەن دادگای پێداچوونەوەی ئەهوازەوە بە تەواوی پەسەند کرا. ناوبراو ئێستا لە بەندیخانەی شیبانی ئەهواز ماوەی سزاکەی تێپەڕ دەکات
سزای سەپێندراو لەلایەن دادگای شۆڕشی ئیزەوە دژی ئەم هاووڵاتییە دەرکرابوو و بۆ دادگای پێداچوونەوەی ئەهواز نێردرابوو.
ئەم هاووڵاتییە ٢٠ی بەفرانباری ساڵی ڕابردوو (١٠ی ژانویەی ٢٠٢٦) و لە کاتی ناڕەزایەتییەکانی بەفرانباردا لەلایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کرابوو.