مەهاباد؛ دەستبەسەرکردنی مستەفا پیرۆتی، هاووڵاتیی خەڵکی پیرانشار و گواستنەوەی بۆ ئورمیە
هەنگاو؛ چوارشەممە ٢٧ی جۆزەردانی ٢٧٢٦
لە بەردەوامیی شەپۆلی دەستبەسەرکردنی هاووڵاتییانی کورد لە شارەکانی کوردستان، هاووڵاتییەکی تەمەن ٥١ ساڵ بە ناوی مستەفا پیرۆتی لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە لە مەهاباد دەستبەسەر کرا و بۆ یەکێک لە دەستبەسەرگە ئەمنییەکانی شاری ئورمیە گواسترایەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی پێنجشەممە ٢١ی جۆزەردانی ٢٧٢٦ (١١ی ژوئەنی ٢٠٢٦)، مستەفا پیرۆتی خەڵکی پیرانشار و دانیشتووی شاری مەهاباد، بەبێ نیشاندانی هیچ جۆرە بەڵگەیەکی دادوەری، لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە لە ماڵی خۆیدا و بە بەکارهێنانی توندوتیژی دەستبەسەر کراوە و بۆ یەکێک لە دەستبەسەرگە ئەمنییەکان لە ئورمیه گواستراوەتەوە.
بەوتەی سەرچاوەکانی هەنگاو، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات لە کاتی دەستبەسەرکردنی ئەم هاووڵاتییەدا، وێڕای پشکینینی تەواوی ماڵەکەی، دەستیان بە سەر مۆبایل و کەلوپەلە تاکەکەسییەکانیدا گرتووە.
تا کاتی ئامادەکردن و بڵاوکردنەوەی ئەم ڕاپۆرتە، هیچ زانیارییەکی ورد لەسەر هۆکارەکانی دەستبەسەرکردن و تۆمەتە پاڵدراوەکان دژ بەم هاووڵاتییە کوردە لەبەر دەستدا نییە.