بەندیخانەی ناوەندیی سنە؛ ڕاپۆرتێک لەسەر ئازادیی گوڵاڵە وەتەندووست و سوهەیلا موتاعی بەپێبەندی ئەلیکترۆنیکی
هەنگاو؛ دووشەممە ١ی پووشپەڕی ٢٧٢٦
گوڵاڵە وەتەندوست و سوهەیلا موتاعی، دوو هاووڵاتیی کورد و لە چالاکانی مافی ژنانلە هەردووشیان لە سەردەمی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادیش دەستبەسەر کرابوون، لەژێر چاودێریی پێبەندی ئەلیکترۆنیدا لە بەندیخانەی ناوەندیی سنە ئازاد کران.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی یەکشەممە ٣١ی جۆزەردانی ٢٧٢٦ (٢١ی ژوئەنی ٢٠٢٦)، سوهەیلا موتاعی، چالاکی مافی ژنانی خەڵکی دێولان دوای تێپەڕاندنی ٩ ڕۆژ بەندکردن لە بەندیخانەی ناوەندیی سنە، بە پێبەندی ئەلیکترۆنی لەم بەندیخانەیە ئازاد کرا.
سوهەیلا موتاعی ڕۆژی شەممە ٢٣ی جۆزەردانی ٢٧٢٦، دوای بانگکران و سەردانیکردنی بەشی جێبەجێکردنی سزاکانی دێولان بە مەبەستی تێپەڕاندنی ماوەی سزادانەکەی دەستبەسەر کرا و بۆ بەشی ژنانی بەندیخانەی سنە گواسترایەوە.
ئەم هاووڵاتییە ئێوارەی دووشەممە ٢٠ی ڕەشەممەی ٢٧٢٤ (١٤٠٣)، لە دوای بەشداری لە ڕێوڕەسمی ڕۆژی جیهانیی ژنان (٨ی مارس) لە سنە، لەلایەن هێزەکانی ئدارەی ئیتلاعاتەوە لە دێولان دەستبەسەر کرا و دوای حەفتەیەک بە دانانی بارمتە ئازاد کرا. ناوبراو لە سەرماوەزی ٢٧٢٥دا لەلایەن دادگای تاوانەکانی دێولانەوە بە تۆمەتی «پرۆپاگەندە دژ بە نیزام و بڵاوکردنەوەی بابەت لە میدیاکانی دەرەوەی ئێران» سەرجەم بە ٦ مانگ بەندکردنی تەعزیری و ٣ ساڵ بەندکردنی هەڵپەسێردراو مەحکووم کرا.
شایانی باسە کە ئەم چالاکوانەی بواری مافی ژنان پێشتریش، لە ژوئەنی ٢٠٢٥ (جۆزەردانی ١٤٠٤) لە دۆسیەیەکی جیادا لەلایەن لقی ١٠٢ی دادگای تاوانەکانی دووی دێولانەوە بە تۆمەتی «پرۆپاگەندە لە بەرژەوەندیی گرووپ یان ڕێکخراوە نەیارەکانی کۆماری ئیسلامی» بە ٣ مانگ بەندکردنی و ٣ ساڵ بەندکردنی هەڵپەسێردراو مەحکووم کرابوو. ئەم هاووڵاتییە هەروەها لە کاتی بزووتنەوەی «ژن، ژیان، ئازادی»دا دوو جار دەستبەسەر کرا و سەرجەم بە ٦٠ مانگ بەندکردن مەحکووم کرا، کە دوای تێپەڕاندنی چەند مانگ لە سزاکەی، بە لێخۆشبوون ئازاد کرابوو.
هاوکات، لەم دواییانەدا گوڵاڵە وەتەندووست پارێزەری پلە یەکی دادگا، چالاکی مافی ژنان و خەڵکی مەریوان و هەروەها لە دەستبەسەرکراوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی، دوای تێپەڕاندنی نزیکەی مانگێک بەندکردن، بە پێبەندی ئەلیکترۆنی لە بەندیخانەی ناوەندیی سنە ئازاد کراوە.
ئەم پارێزەرە کوردە لە ١٢ی بانەمەڕی ئەمساڵدا بە مەبەستی تێپەڕاندنی ٦ ساڵ و ٧ مانگ و ٢٠ ڕۆژ سزای بەندکردنەکەی دەستبەسەر کرا و بۆ بەندیخانەی سنە گوازرایەوە.
ناوبراو پێشتر لەلایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی سنەوە بە تۆمەتەکانی «پرۆپاگەندە دژ بە نیزام»، «هەوڵدان دژ بە ئاسایشی نەتەوەیی» و «ئەندامێتی لە گرووپە نەیارەکانی نیزام» بە ٦ ساڵ و ٧ مانگ و ٢٠ ڕۆژ بەندکردن مەحکووم کرابوو. ئەم هاووڵاتییە لە ١١ی ڕەزبەری ٢٧٢٢ لە کاتی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی لە شاری سنەدا دەستبەسەر کرابوو.