بەردەوامیی دەستبەسەرکران و ناڕوونیی چارەنووسی سامان زندەپیل لە مەهاباد
هەنگاو؛ هەینی ٥ی پووشپەڕی ٢٧٢٦
دوای تێپەڕبوونی ٩ ڕۆژ بەسەر دەستبەسەرکرانی سامان زیندەپیل، هاووڵاتیی کورد و خەڵکی مەهاباد، هێشتا هیچ جۆرە زانیارییەک لەسەر چارەنووس، دۆخی تەندروستی و شوێنی ڕاگرتنی ناوبراو لەبەردەستدا نییە.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی چوارشەممە ٢٨ی جۆزەردانی ٢٧٢٦ (١٨ی ژوئەنی ٢٠٢٦)، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی مەهاباد بەبێ نیشاندانی هیچ جۆرە بەڵگەیەکی دادوەری، سامان زیندەپیل، هاووڵاتیی تەمەن ٤٠ ساڵی ئەم شارەیان دەسبەسەر کردووه.
سامان زیندەپیل کە خاوەنی بڕوانامەی خوێندنی باڵایە لە بوارەکانی فەلسەفە و کۆمەڵناسیدا، دوای دەستبەسەرکران بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە و چارەنووسی نادیارە.
سەرباری تێپەڕبوونی ٩ ڕۆژ لە کاتی دەستبەسەرکران و بەدواداچوونە بەردەوامەکانی بنەماڵەی زیندەپیل، ناوەندە حکومەتییەکان خۆیان لە وەڵامدانەوەی ڕوون سەبارەت بە هۆکارەکانی دەستبەسەرکران و تۆمەتە پاڵدراوەکان دژی ناوبراو بواردووە.